پارێزەران بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد داواکاری نوێیان بەرزکردەوە

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەوەی بتوانن چاویان بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت کە ٣٥ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانن، داواکارییان ئاراستەی داواکاریی گشتیی کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵی کرد.

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە رازیە ئۆزتورک، رەزان ساریجا، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ و مەزڵوم دینچ بۆ دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی جۆرێ ئێف بە ئاسایشی توندی ئیمراڵی لە هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریردایە و ٣٥ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت، داواکارییان ئاراستەی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵی کرد.

هاوکات پاڕێزەران بۆ دیدار لەگەڵ زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی واتە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاشیش داواکارییان پێشکەش بە داواکاری گشتیی کۆماری و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵی کرد.

رێگریی لە دیدارەکان دەکرێت

مافی دیداری عەبدوڵا ئۆجالان و هەر سێ زیندانیەکەی دیکە لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیان بە پاساوی سزای 'دیسپلین' ئاستەنگ دەکرێت. لە نێوان ٢٠٢١-٢٠٢٣دا هەریەکیان بۆ ماوەی سێ مانگ لانیکەم ٥ سزای دیسپلینیان بەسەر دا سەپێندراوە و مافی دیداریان ئاستەنگ کراوە.

سەرباری هەموو داواکاری و تانەکانیش هۆکاری سەپاندنی سزای دیسپلین و ژمارەی دۆسیەکانیان نادرێتە پارێزەران.

لە ئەنجامی سەرلێدانەکانی پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ دادگای سزادانی بورسا، دادگا رایگەیاند، کە لە ١٨ی ئابی ٢٠٢١ بۆ ماوەی سێ مانگ، لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆ ماوەی ٣ مانگ، لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢ بۆ ماوەی سێ مانگ و لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلین سەپێندراوە.

پارێزەران لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٣دا سەرلێدانیان ئەنجامدابوو و دادگا لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٣دا وەڵامی دابوونەوە. دادگا بە بێ ئەوەی رێکەوتەکەی رابگەیەنێت، ئەوەی خستبووەتەڕوو، کە سزای دیسپلین بۆ سێ مانگ بڕاوەتەوە. پارێزەران دوایین جار لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا کە بەمەبەستی دیداری بنەماڵەکان داوایان پێشکەشکردبوو، داواکاری گشتیی لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا وەڵامی دابوونەوە و رایگەیاندبوو کە عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە ٣ مانگ سزای دیسپلینیان بۆ بڕاوەتەوە.

هـ . ب