بە درێژایی مێژوو لایەنێک هەبووە لە ناو کوردا کە بێ سیاسەت بووە و هەمیشە کاریگەری کردوتە سەر شۆڕشی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە سەدەی ٢١دا ئەم ڕۆڵە لە مێژوی کورددا، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەیگێڕێت، هەمیشە هەڕەشە بووە بۆ تەواوی لایەنەکانی دیکە و تا ئاستێک توانیویەتی زۆرێک لە شۆڕشەکان بێ کاریگەر بکات و تەسلیمی دەوڵەتانی داگیرکەری بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە ماڵی بارزانی بەڕێوەی دەبات هەمیشە لە پێناو ئەوەی قسەی خۆیان بە عەرزا نەدرێ خەڵکی هەرێمی کوردستانیان کردوەتە قوربانی، هەندێک کاتیش خەڵکی پارچەکانی دیکەشیان کردوەتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، لە ڕابردودا و بە هۆی چەند هەوڵێکی سیخوڕی، ئاڕاستەی بنەماڵەی بارزانیان گۆڕی و وایانکرد کە داوای جیابونەوە بکەن لە عێڕاق و ڕیفراندۆمێکی ڕوکەشی ئەنجام بدەن. هەر زوو خەڵکی ئەم هەرێمەیان کردە قوربانی و لە سەدا ٥٢ی خاکەکەیان تەسلیم بە بەغدا کرد.
لە ئێستادا ئەگەر کەسێک گوێ لە پارتی دیموکراتی کوردستان بگرێت نازانێت عێڕاق دوژمنە یاخود دۆستە؟ نازانێت عێڕاق لەگەڵ هەرێم باشە یاخود خراپە؟. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە دەبێت تەماشای هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین لە گەڵ بەغدا، بۆ نمونە کاتێک لەسەر شەنگال لەگەڵ عێڕاق ڕێکەوتن دەکات، عێڕاق وەک فریاد ڕەسێک ناو دەبات و بە شان و باڵی کاربەدەستانی هەڵدەدات و دەڵێت، عێڕاق چاکسازی دەکات و پرۆژەی هەیە بۆ شەنگال. بەڵام کاتێک بەغدا بڕیارێک دەدات کە بەرژەوەندیەکانی ئەو بنەماڵەیە دەخاتە مەترسیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، عێڕاق بە باش و خراپیەوە بە فاشیست و دژە کرد ناوی دەبات، هەڕەشەی کشانەوە دەکات و سەر لە خۆی و حکومەتەکەشی دەشێوێنێت. لە هەمان کاتدا هەمو ئیمکانێکی ڕاگەیاندنی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی حکومەتی عێڕاق شەرمەزار و ناشرین بکات.
ئەمەش هۆکاری بێ سیاسەتی و بێ باوەڕیە بە دۆسیەکە، هەرکات ماڵی بارزانی شتێکیان بە دڵ نەبێ، ئەوا عێڕاق دوژمن و داگیرکەرە، هەرکاتێکیش ماڵی بارزانی بابەتێکیان بە دڵ بێت، ئەوا عێڕاق فریادڕەسە و دۆستی هەرێمی کوردستانە.
بە هۆی ئەو سیاسەتە بێ بنەمایەی پەدەکە بەڕێوەی دەبات، تەنانەت کاریگەری لەسەر خەڵکی ناوچەکەش کردوە، دەبینین هەرکات پەیوەندیەکانی عێڕاق و پەدەکە باش بێت، خەڵکی عێڕاق بە ئاسانی دەتوانن سەردانی هەولێر بکەن، بەڵام هەرکات پەیوەندیەکانیان باش نەبێت ئەوا لە بازگەکانی هەولێر ڕێگری لە خەڵکی عێڕاق دەکرێت و تەنانەت سوکایەتیشیان پێ دەکرێت. ئەم ڕاستیەش خەڵکی ناوچەکە بە ڕونی دەیبینن و دەزانن کە سیاسەتی پەدەکە سیاسەتێکی دەمارگیریانەیە و هیچ بنەما و پرەنسیبێکی ئەخلاقی تیا نیە.
لە مێژودا بینیومانە کاتێک ڕژێمی بەعس هەنگاوێکی لە بەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بنایە، لە هەرێمی کوردستان پەدەکە گۆرانی "سەرۆکمان زێڕە"یان دەوتەوە. هەر کاتێکیش لە دژی بەرژەوەندیان بوایە ئەوا دەچون لەگەڵ ئێران و لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتان، لە دژی عێڕاق ڕێکەوتنیان دەکرد و هەموو ئەزمونی باشوریان تەسلیم بەو دەوڵەتانە دەکرد.
ز.ش