پۆلیسی ئەڵمانیا لەسەر کەیسی ڕۆژئاوا دۆڕا
دادگای کارگێڕیی کۆڵن، لێدوانی تێکدەرانە و پێشوەختەى پۆلیسی ئەڵمانیای لە دژی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا، بە لێدوانی دژ بە یاسا ناساند.
دادگای کارگێڕیی کۆڵن، لێدوانی تێکدەرانە و پێشوەختەى پۆلیسی ئەڵمانیای لە دژی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا، بە لێدوانی دژ بە یاسا ناساند.
دادگای کارگێڕیی کۆڵن، لێدوانی تێکدەرانە و پێشوەختەى پۆلیسی ئەڵمانیای لە دژی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا، بە لێدوانی دژ بە یاسا ناساند.
دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، کوردان و دۆستەکانیان لە ئەڵمانیا پلانیان بۆ خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان داڕشت و مۆڵەتیان بۆ چالاکییەکەیان وەرگرت، بەڵام بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی کۆڵن و پۆلیسی کۆڵن پێش ئەوەی خۆپیشاندانەکە لە ناوەندی شاری کۆڵن دەستپێبکات، بە لێدوانی وروژێنەرانە و تێکدەرانە و درۆزنانە هەوڵیاندا رێگری لەو خۆپیشاندانە بکەن و داوایان لە بەرپرسانی ئەڵمانیا کرد، مۆڵەتی خۆپیشانەکە هەڵبوەشێنەوە. بەرپرسانی پۆلیس سەرباری ئەوەى هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە کورد لەو خۆپیشاندانەدا پەنا دەباتە بەر توندوتیژی و کاری توندوتیژی ئەنجام دەدات و هێرش دەکاتە سەر شوێنە گشتییەکان.
بە پێداگریی رێکخراوەکان و کەسایەتییە ئەڵمانییەکان و تێکۆشەرانی گەلی کورد خۆپیشاندانەکە بەڕێوەچوو و هیچ کارێکی توندوتیژانەش لەلایەن کورد و دۆستەکانیانەوە ئەنجام نەدرا.
لەسەر سکاڵای دامەزراوە و رێکخراوە ئەڵمانییەکان لێکۆڵینەوە لەو لێدوانە ئاژاوەگێڕانەیەی پۆلپیس و ئاسایشی کۆڵن دەستی پێکرد و لە دوای ٢ ساڵ هەوڵی بەردەوام سکاڵاکە گەیەندرایە بەردەستی دادگا. لەسەر ئەو سکاڵایە یو جاکوب بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆڵن دادگایی کرا، کە لێدوانی لە دژی خۆپیشاندانەکەى ٢٠١٩ دابوو.
دانیشتنەکان لەسەر ئەو سکاڵایە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە دادگای ئیداری و کارگێڕیی کۆڵن دەستی پێکرد. لە دوای دانیشتنەکان دەستەى دادگا ڕایگەیاند، لێدوانە پێشوەختەکانی پۆلیس پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە، کارێکی دژ بە یاسا بووە.
دادگا بڕیاری دا، کە پۆلیس هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی و روون و پێویستی لە بەردەست دا نییە تاوەکو بیسەلمێنێت لە خۆپیشاندانەکەدا "ڕووداوی توندوتیژی" ڕوو دەدات.
بە کردەوە و لە پراکتیکدا پۆلیس سزا نەدرا
دەستەی دادگا ڕایانگەیاند، دەبێت پۆلیس پێش خۆپیشاندانەکە بۆ بانگەشە و لێدوانەکانی "زانیارییەکان و بەڵگەکان بە باشی کۆبکاتەوە".
ئەو پارێزەرانەی بەرگرییان لە پۆلیس دەکرد وتیان، "زانیاری دەربارەی ڕووداوەکانی توندوتیژی لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە هاتوون، بۆیە ناتوانرێت لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی سیخوڕیدا سەرچاوەکان و زانیارییەکان ئاشکرا بکرێن"، بەڵام لەلایەن دادگاوە ئەو بەرگرییە بە بەس و پێویست نەزانرا.
ئەگەر پۆلیس لە دژی بڕیارەکەى دادگای کارگێڕیی کۆڵن تانە لە دادگای باڵای مونستر تۆمار بکات ئەوا دەبێت لەو دادگایەدا سەرچاوەی زانیارییە پێشوەختەکانیان لە دژی خۆپیشاندانەکە ئاشکرا بکەن.
ئەگەر بڕیارەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەو پۆلیسانەی ئەو لێدوانە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە و درۆزنانەیان داوە، بە کردەوە سزا نادرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕیارەی دادگا بۆ خۆپیشاندانەکە لە ئێستا بە دواوە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ بەرپرسانی پۆلیس، ئەگەر هاتوو خواستیان لەسەر هۆکاری بێ بنەما و درۆزنانە چالاکوانان و خۆپیشاندەران بە کارێک تاوانبار بکەن، بە ئاسانی ئەو تاوانبارکردنەیان بۆ ناچێتە سەر.
ژ.ت