"پێویستە هەموو کوردێک بەشداری لە تێکۆشانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی دا بکات"

جیهان ئەرەن ئەندامی کۆمیتەی بیر و باوەڕەکانی پەکەکە وتی: پێویستە هەموو کوردێک لە دژی فاشیزمی تورک - ئیسلامی ببێتە تێکۆشەرێکی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی.

جیهان ئەرەن ئەندامی کۆمیتەی بیر و باوەڕەکانی پەکەکە بەبۆنەی ٤٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و لە وتەکانیدا هەڵسەنگاندن و شیکاریی گرنگی خستەڕوو.

ئەرەن ئاماژەی بەوەدا، دەچنە ناو ٤٥هەمین ساڵی تێکۆشان و خەباتی پەکەکە و وتی: "ئەم ڕۆژە بە پلەی یەکەم لە کەسایەتیی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانمان دا، لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هاوڕێیانی زیندان، گەلەکەمان و دۆستانی کوردستان پیرۆز دەکەم. ٤٥هەمین ساڵیادی حیزبەکەمان لە کەسایەتیی فەرماندە و شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار لە هەموو هەڤاڵان پیرۆز دەکەم. لە کەسایەتیی هەڤاڵ حەقی قەرار و سارا دا یادی هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەکەمەوە و بەڵێن و پەیمانی دڵسۆزی و وەفای خۆم بۆ شەهیدان دووبارە دەکەمەوە. شەهیدەکانمان سەرچاوەی هۆشمەندی و وشیاریی ئێمەن. ئەوان ئەو پێشەنگانەن، کە ڕێگایان نیشان داین و بۆ ڕزگاربوونمان لە هەموو جۆرە سەردەستییەک و کۆیلایەتییەک.              

فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ مۆری خۆی لە ٥٠ ساڵی ڕابردووی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانیی گەلی کوردستان داوە. بێگومان لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵوێستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری و ئایینی هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاشا هەڵنەگرە، کە پەکەکە تاکە بزووتنەوەیەکە، کە گەورەترین کاریگەریی لەسەر گەلی کورد هەبووە و هەیە، لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە ئەرک و هەڵوێستی خۆی لە دژی دوژمن شەڕ دەکات و یەکێتی و یەکگرتوویی دروست دەکات. گەلی کورد سەدان ساڵە لە دژی نەتەوە – دەوڵەتە ئایینی و مەزهەبی و نەژادپەرستەکان بەرهەڵستی و بەرخودان دەکات، چونکە لە سەرمێکدا، کە پەرەنسیب و بنەمای "هەموو گەلێک مێژوویەک و وڵاتێکی هەیە، هەموو گەل مافی خۆبەڕێوەبەرییان هەیە" ڕاستەوخۆ و بە دروستی قبوڵ دەکرێت، کورد نکۆڵیی لێکرا و شوێ، و واریان پشتگوێ خرا.

ئەو هێزانە بە پێشەنگایەتیی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژییان لە دژی گەلی کورد ئەنجامدا. ئەو کۆمەڵکوژییە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گۆڕەپانی کولتوریدا بەردەوامە. لێرەدا کورد سەدان ساڵە لە دژی ئەو پاکتاوکردن و سڕینەوەیە بەرەنگاری دەکات، لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کچان و کوڕانی گەنج بە فیدکاری بەرەنگاری دەکەن. کورد بەهەنگاوی بەهێزەوە بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە، کە کاریگەری لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، پێدەنێتە ناو ساڵی ٤٥هەمین ساڵی حیزبەوە. من بە رێز و پێزانییەوە یادی ئەو هەڤاڵانە بەرز ڕادەگرم، کە لەم شەڕەدا شەهید بوون".

پەکەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان بووەتە تێگەیشتن و ئەخلاقی ئازادی

ئەرەن باسی ئەوەیکرد، بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ مێژوو و کۆمەڵگای گەلی کوردی لەگەڵ مێژووکەیدا کۆکردەوە و خستنییە پاڵ یەک و وتی: "ئەو ناسنامەی خۆی بەخشی بە ورە و ژیانێکی بە ئیرادە. ئەو تێگەیشتن و ئەخلاق و ڕەوشتێکی بە گەلی کورد بەخشیوە،  کە بۆ وڵات، بەها، شکۆ و کەرامەتی و دواڕۆژی خۆی تێبکۆشێت و جگە لە ژیانێکی ئازاد ژیانێکی تر قبوڵ نەکات. لەم ڕووەوە پەکەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان بووەتە تێگەیشتن و ڕەوشت و ئەخلاقی ئازادی. لە دروشمی 'پەکەکە گەلە' ئەوە تێدەگەین، کە یەکێتیی ڕۆحی لە نێوان پەکەکە و کورداندا چەسپاوە. کورد بە پەکەکە دەستی بە پرۆسەی خۆبوون کردووە. پەکەکە کوردی کردووە بە گەلێک، کە بۆ خۆی دەژی، و کار دەکات و تێدەکۆشێت. پەکەکە ئەو هەست و بیر و ڕامانەی بە کورد داوە، کە لە نێوان هەق و هەڵەدا، وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری و خیانەت جیا بکاتەوە".

جیهان ئەرەن ئەندامی کۆمیتەی بیر و باوەڕەکانی پەکەکە وتی: کۆمەڵکوژیی و پاکتاوکردن و سڕینەوەی کولتوری تا ئێستا بەردەوامە و وتی: "کۆمەڵکوژیی و سڕینەوەی کولتوری بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامە، ئەگەر لە ڕێگەی تێکۆشانەوە رێگریی لێ نەکرێت، ئەوا لە کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی جەستەیی ئەنجامی مەترسیدارتری دەبێت، چونکە زیاتر تێکدەر و کاولکالترە، خراپتر بونیاد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەناودەبات. جینۆسایدی کولتوری هەموو بوارەکانی ژیان دەکاتە ئامانج، لە هەستەوە بۆ ڕامان و بیرکردنەوە، لە ئایینەوە تاوەکو زمان، لە کولتورەوە تا هونەر، هەموو شتێک لە ئامانجی جینۆسایدی کولتوریدایە. ئەم هێرشە تەنها بە شەڕکردن لە بەرەیەکی زۆر فراواندا تێکدەشکێنرێت، بە قسەکردن بە زمان و لە چەند وشەوە بگرت تاوەکو بۆ لێدان لە دوژمن دەتوانێت تێکبشکێنێت.

کورد دەبێت ئەوە بزانێت، کە لە بەرامبەر جینۆسایدی کولتوریدا بە هۆشمەندی و ئاگایی ئازادیخوازیی دێموکراتکی ئەمڕۆیی، ئەوەندەی زمان و دەوڵەمەندی و سامانی کولتوری، یادەوەری و بیری قوڵی ئایینی ڕابردووی خۆی نوێ بکاتەوە، ئەوا لە بەرامبەر جینۆسایدی کولتوریدا سەردەکەوێت. دەبێت هەموو تاکێکی کورد مێژووی ئایینی خۆی بخوێنێتەوە و فێربێت، پێویستە هەموو کوردێک لە دژی فاشیزمی تورک - ئیسلامی تێکۆشەرێکی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بێت".

ئەرەن ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە گەلی کورد لە ناخ و خانەکانیدا هەستی پێ بکات و لێی فێرببن، کە ئەم پاکتاوکارییە داگیرکەرییە بەها مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانمان لە دژی خۆمان وەک چەک بەکاردەهێنن و وتی: "زۆرێک لە لایەنەکان و هێزەکان، بەتایبەتی بۆ داگیرکەری و پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورک، بە زۆری بەها و نرخی ئایینی و باوەڕەکان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە بە عەلەوێتی، کە بۆ خۆی باوەڕ و ناسنامەیەکی کوردییە دەڵێن، کوردە عەلەوییەکان لە بنچەدا تورکن!. ئەمڕۆ هەندێک لەکوردانی موسڵمان بوونەتە دوژمنی گەلەکەی خۆیان. ئەوەتا بکوژانی دوێنێ، ئەمڕۆ بوونەتە هودا-پار. بارودۆخی هەندێک لە بنەماڵەی بارزانی، کە خۆیان بە خاوەن مەزهەب دەزانن ڕوونە. ناوی خودا، پێغەمبەر و قورئان هەمیشە لەسەر دەمی جاش و جەردەونەکاندایە. بەداخەوە بەشێک لەو کوردانە دروستبوون، کە دین و باوەڕی خۆیان بۆ پارە و ماڵ، بۆ پۆست و موڵک دەفرۆشن.

کورد لە ڕووی ئایین و باوەڕەوە خاوەنی بەهای کۆن و دێرینە. جا کەسێک لە مێشکی کورددا دیندار بێت، یان بڵێت، من دیندارم، ئەو کەسە بە باش و ڕاست دەزانرێت، ئەمە هۆشمەندی و وشیارییەکی دێرینە، کە لە پێش ئیسلامیشەوە لە ناو کورددا هەبووە و هەیە و وەرچەرخاویش بۆ تایبەتمەندیەکی کەسایەتیش. داگیرکەران ئەو تایبەتمەندیەی کوردیان لە دژی کورد بەکارهێناوە. تازەترین هێزی هێرشبەر و داگیرکەر، کە گوایە بە بانگەشەی باوەڕبوون بە ئایین ویستیان کورد فریو بدەن، ئاکەپەی ڕژێمی تورک - ئیسلام بوو".

ڕێبەر ئاپۆ خزمەتێکی باشی بە مرۆڤایەتی کردووە

ئەرەن ڕایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خزمەتێکی باشی بە مرۆڤایەتی کردووە و ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنانی ئافراندووە و وتی: "شیکردنەوەکانی ڕێبەرایەتیمان پەیوەندیی ئۆرگانیکی بە کۆمەڵگا، باوەڕ، ئەخلاق، دیموکراسی و ئازادی هەیە و ئەوەش لە ناو گەلاندا بووەتە هۆکاری شۆڕش لەعەقڵییەت و زیهنیەت دا. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە زۆرێک لە دۆگما بتپەرەستەکان تێکبشکێنرێت. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی ئەخلاقییەوە سیاسەتێکی وەک هۆشمەندی و هۆشیاری بە باشی پێناسەکردووە، لە گۆڕان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا بەهای سەرەکی و یەلاکەرەوە لە ناو باشەکاندا دەستەبژێر کردووە و باشترینی دیاری کردووە. لەم دەستنیشانکردنەد ناساندنی ئایین وەک بەهایەکی کۆمەڵناسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتی و شێوازی ناسین و گەڕان بەدوای ڕاستیدا خاوەنی ڕۆڵێکی گەورەیە.

ئێمە دەزانین ڕێبەرایەتیمان بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٤ەوە شیکردنەوەیەکی قووڵی بۆ ئایین ئەنجامداوە، ڕێبەرایەتی بۆ شەهید مەلا عەبدولڕەحمان تمۆقی وتی، 'پیرەمێردێکە، کە لە کوردستاندا زۆرتر لە هەموان خۆشمدەوێت'. ڕیبەرایەتی بەهایەکی زۆری بە زانایان و ژیرمەندان و ڕۆشنبیرانی کورد دەدا. کاتێک هێرشی داعش دەستی پێکرد، کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی پێشنیار کرد. کورد و گەلانی دیکەی موسڵمان لە بەرامبەر چەوساندنەوە و دەستدرێژییە ئایینییە فاشیستی و نەژادپەرستییەکان هۆشدارییان دا و بە بۆچوونی خۆیان ڕێگای ڕاستیان خستەڕوو و دەستنیشانیانکرد. ئێمە دەتوانین بە ئاسانی ئەوە ڕابگەیەنین، لە نێوان ڕێبەرایەتی و سەیداکان و زاناکانی کورددا هەست و پەیوەندییەکی زۆر تایبەت هەیە. سەیداکان و گەورەکانمان باش دەزانن ڕێبەر ئاپۆ چی دەکات، مرۆڤێکی  چۆنە و لەو باوەڕەدان، کە خزمەتێکی گەورەی بە بەهاکانی ئیسلامی دیموکراتیک کردووە.

نەک هەر مسوڵمانان، کوردانی ئێزدی، عەلەوی و یارسان و کاکەییش دەزانن کە رێبەرایەتیمان بایەخ بە ئایینەکانیان دەدات و بە قوڵایی تێی دەگات. رێبەرایەتیمان لەساڵانی ١٩٧٠ دەیگوت: 'کاتێک دێرسیمم بینی، ئیرادە و ویستی من بۆ تێکۆشان لە پێناو کوردستاندا روونتر و یەکلاکەرەوەتر بوو'. لە هەلومەرجی ئیمڕاڵیشدا زۆر جار ئێزدییەکانی وشیار کردەوە و بە هاوبەشی کردن بە روانگە و پێشنیارەکانی دەریخست کە تا چ رادەیەک هەستیارە. ئەو سڵاوەی یارسانەکان لێیان کردبوو بێ وەڵامی نەهێشتەوە و باسی لەوەکرد کە دەبێت ئەو بڕوا و ئایینە مێژووییەیان بپارێزن و ئەوان دەوڵەمەندترین گردبوونەوەی کوردایەتین. ئەو تێڕوانینانەی رێبەرایەتیمان لە ساڵی ٩٠ەکانەوە تیایاندا قوڵ بووەوە و بە پارادیگمای نوێی خۆی روونی کردەوە، لە لایەن گەلی کوردەوە پێشوازی گەورەی لێکرا. گەلەکەمان بەو ئەندێشانەوە خۆی پەروەردە دەکات. ئەو هزر و ئیرادەیەی هەیە وادەکات کە کورد لەسەر بنەمایەکی راست و ئەخلاقی لەگەڵ ئایینەکانیان کۆببنەوە".

داگیرکەران راستییەکان هەڵدەگێڕنەوە

دەسەڵاتداری تورک لەگەڵ کوردان کە زۆرینەیان مسوڵمان بوون، تورکمەن- تورک لەگەڵ کوردانی یارسان-کاکەیی و عەلەوییەکانی رێگەی حەق پەیوەندییان ساز کردبوو. بۆ نمونە شێخ ئەدەبعەلی لە دامەزراندنی ئیمپراتۆری عوسمانی، مەلا گۆرانی و ئاکشەمسەدین لە قۆناغی ئیمپراتۆری نمونەی ئەو کوردە زانایانەن کە پەیوەندییان لەگەڵ عوسمانییەکاندا هەبووە. کاتێک یاڤوز دەستی بەسەر خەلافەتدا گرت، پەیوەندییەکانی کورد و عوسمانییەکان وەک گەل بەرەوپێش چوو. بابایزم و بەکتاشیزم کە لە رێگەی 'وەفالیک' لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی گەلاندا بەروپێشچووبوو، گۆڕدرا و کاریگەری ئایینی یارسان- رێگەی حەق عەلەوی لەسەر تورکمانەکانە. سوننەگەرایی لەناو تورکمەن- تورکانی مسوڵمانیش بە زۆری لە ژێر کاریگەری کورداندا مایەوە. ئایینزای حەنەفی ئایینزای کورد- فارسە. نەقشبەندی و 'نورچیەتی' لە ناو تورکاندا لەسەر بنەمای ئەو شرۆڤانەی کە لەلایەن زانایانی کوردەوە کران، دامەزران. ئەحمەد یەسەڤی لەلایەن زانای گەورە یوسف هەمەدانی کە دەوترێت کوردە پەروەردە رکاوە. مەولانا و شەمس لە نەریتی ئایینی کوردانەوە هەڵقوڵاون. راستییەکەی ئەمەیە. فاشیزمەکانی سەنتەزی تورک-ئیسلام و نەژادپەرستانی لائیک ئەو راستیانە باش دەزانن. لە کتێبەکانی خوێندنگەدا رەستەی 'ئەو کەسانەی دوای عەرەبەکان بوونە مسوڵمان هاوڕێ کوردەکانیانن' دەرهێنراوە. سەرباری ئەوەی زۆر کتێب لەبارەی بابەتەکانی ئیسلام و مێژوو وەرگێڕدراون بۆ سەر تورکی ئاشکرابوو کە ئەوان ناوی کورد و کوردستانیان تێکداوە یان بە هەڵە نوسیویانە. هەردوو لایەنی فاشیستیش بەتایبەتی دەیانەوێت راستی مێژوویی نەریتی ئایینی کوردان هەڵبگێڕنەوە و پێچەوانەی بکەن.

دەسەڵاتدارانی تورکی لائیک کە خۆیان بە پێشکەوتوو، چەپ، دیموکرات و کەمالیست ناودێر دەکەن، کوردانی مسوڵمان بە دواکەوتوو دادەنێن. کوردانی عەلەوی وەک تورکمانەکانی خۆراسان دادەنێن. لەم خاڵەدا ئەوەی گرنگە دەستبەجێ بکرێت یەکگرتوویی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، وڵاتپارێزان وباوەرمەندە ئایینیە خاوەن ویژدان و ئەخلاقەکانی هەردوو گەلەکەیە. گەورەکردنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە وەک پلاتفۆرمی تێکۆشانی هاوبەش دامەزراوە، ئەو هاوپەیمانیە هەم بۆ گەلی تورکمان-تورک و هەمیش داهاتووی کوردان دەستەبەر دەکات".

ئەرەن باسی لەوەکرد کە ئەردۆغان و ئاکەپە بە بەڵگاندنی ئایینی دەیانەوێت وا لە کوردان بکەن کە قەبوڵیان بکەن و وتی، "بە قورئانی کوردی هاتنە ناو کوردانەوە. دواتر داعشیان هێنایە سەر کورد. نەیتوانی بگاتە ئەنجام و ئەمجارەیان بە پێشەنگایەتی ئایین خۆی هێرشی کرد. کوردانی کوشت. لە کاتی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریدا بە ئایەتەکانی قورئانەوە گەنجانی کوردی بە زیندوویی سوتاند. لە کاتی داگیرکەری سەر عەفریندا لە نەوەد هەزار مزگەوتدا سەڵا و نزایان کرد. لە باکوری کوردستاندا لە هەر شەقامێکدا خولێکی قورئان خوێندن و لە هەر گەڕەکێکدا مەدرەسەیەکیان کردەوە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەمجارەیان باشور و باکوریان بە پشتیوانی پارەکانی بارزانی خستە خزمەتی هودا پارەوە. گوایە هەندێک ئیسلامی کوردن، بەڵام پەیوەندییان بە میتەوە هەیە. میت دیەوێت ئەو لایەنانە لە دژی پەکەکە و گەلی کورد بەکاربهێنێت. دەیوێت هەولێر بکاتە ناوەندی کوردبوونێکی لەو جۆرە. ئایا دەیانەوێت بە هزری میت و پارەی بارزانی داعش یاخود حەماسێکی کوردان دروست بکەن؟ لەبەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا ئەو کوردبوونە گوایە ئەمجارەیان لە رێگەی میت و بارزانی دێتە کایەوە؟ لەبەر ئەوەی ئەو کردەوە چەپەڵانە لە هەولێر دەکرێن ئایا ئەمریکا لەو کارەدا بەشدارە. دەبێت ئەوە روون بکرێتەوە.

ئێمە لەگەڵ کمەڵگای ئێزدیمانداین

 ئێمە دەزانین کە بارزانییەکان رقێکی تایبەتیان لە ئێزدییەکان هەیە. چەند رۆژ بەر لە کۆمەڵکوژی شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، من لە مەخمور گوێم لە وتەی یەکێک لە پیاوە تایبەتەکانی بارزانی بوو، دەیگوت 'هێزەکانمان نایانەوێت شەڕ بۆ ئێزدییەکان بکەن، نایانەوێت بمرن'. وەک دەزانن بارزانی و هەندێک بەرپرسانی پەدەکەش لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا وەک چۆن لە کۆمەڵکوژی گەریلا بە چەکی کیمیایی بەشداربوون، لە هەمان کاتدا هاوبەشی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانن. ئەوەی ئێزدییەکانی لە کوردستانیش رفاند پەدەکەیە. لەگەڵ میت ئەو کارە دەکات. ئێزدییەکانیان لە کەمپەکاندا بە دیل گرت. ئیرادەی ئێزدییەکان دەشکێنرێت و دەیانەوێت چۆکیان پێدابدەن. نایانەوێت ئێزدی و کورد لە پارێزگای موسڵدا بمێننەوە.  پەدەکە لە پێناو ئەو پیلانە ئیمپریالیستیەی دەوڵەتی تورک بە بێ کەرامەتییەوە خزمەت دەکات. دەبا رێکخراوە سەربەخۆکان لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کوردانی موسڵ بەر لە هێرشی داعش و دوای هێرشەکەی داعش بکەن، راستیەکە دەردەکەوێت. ئێمە وەک کەجەکە لە بەرامبەر ئەو هێرشە قڕکارییە لەگەڵ گەلی ئێزدیمانداین. بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لە خاکی خۆیاندا بە شێوەی خۆبەڕێوەبەر بژین ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانیان لێدەکەین. هەروەها کوردستانیانی ئێزدی و مەسیحی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان لە باکور لەلایەن جەردەوانانی هاوپەیمانی میتەوە دەکوژرێن. دەبێت بزانرێت کە ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێن.

تا فاشیزم تێکنەشکێنرێت هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت

هەروەها لە دژی عەلەوییە کوردەکانی رێگەی حەق و عەلەوییە تورکمانەکان و عەرەبیش هێرشێکی دژوار ئەنجام دەدرێت. وەک بزوتنەوە بەردەوام وتومانە کە عەلەوییەکان لە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدان. هەروەها دەستنیشانمان کرد کە تێکۆشانی عەلەوییەکان لە ناو یەکگترووییەکدا گرنگە. ئێمە بەردەام دەڵێین، تا فاشیزمی ئایینی سەنتەزی تورک- ئیسلام لەناونەبرێت، کێشەکانی عەلەوییەکان چارەسەر ناکرێت و ناسنامەی ئایینی عەلەوییەکان بە فەرمی ناناسرێت، کێشەکانی کوردیش چارەسەر نابن".

ئەرەن لە کۆتاییدا بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم بیر و ئایین و باوەڕییەکان لە کوردستان کرد و وتی، "ئێمە لەو بڕوایەداین کە مسوڵمان، ئێزدی، یارسان، کاکەیی، عەلەوی کوردستانیان لە هەموو ئایینەکان لە ساڵی نوێی تێکۆشاندا بە گوێرەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، ویژدانی و ئەخلاقی خۆیان دەجوڵێنەوە و لەسەر شێوازی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ زیاتر لە هەموو کاتێک بەهێز دەبن و خاوەنداری لە ناسنامە و بەهاکانی خۆیان دەکەن. لە ساڵی ٤٥ هەمینی تێکۆشانماندا ئێمە ناچارین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان لە پێناو دامەزراندنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک جێبەجێ بکەین".

ژ. ت/ هـ . ب