پەیامی کەجەکە بۆ ڕێپێوانی کۆڵن: پێکەوە هەنگاو دەنێین، پێکەوە سەردەکەوین

کەجەکە لە پەیامەکەیدا بۆ گردبوونەوە مەزنەکەی کۆڵن تیشکی خستەسەر کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان هەنگاو دەنێین. باوەڕمان وایە سەردەکەوین، گۆشەگیری دەشکێنین".

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بۆ گردبوونەوە مەزنەکەی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد پەیامێکی نارد.

پەیامەکەی کەجەکە لە گردبوونەوەکەدا خوێنرایەوە، بەم جۆرەیە:

سەرەتا بۆ چالاکوانانی ڕێپێوانی درێژی ئەنتەرناسیۆنالی گەنجان، ڕێپێوانکەرانی ڕێپێوانی درێژی فەرەنسا، هەموو ڕەنجدەران و خەباتکارانی ڕێپێوان و گردبوونەوەکە، دۆست و هەڤاڵانی ئامادەبوو، بەناوی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە قووڵایی دڵەوە و لە چیاکانی کوردستانەوە سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. لە ٢٥ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوباتدا، ئەم ڕێپێوان و گردبوونەوە پڕ شکۆیە وەڵامێکی مەزنە بۆ هەموو پیلانگێڕان.

پێش ٢٥ ساڵ، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ستەم و نادادپەروەرییەکی گەورە ئەنجامدرا. دوژمنانی گەلی کورد بە هاوپەیمانییەکی جیهانی کۆبوونەوە و بە فێڵ و تەڵەکە سەرۆک ئاپۆیان لە سوریا دەرهێنا و تا کینیا شوێنی کەوتن و گرتیان و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان کرد. نە ویژدان و نە ئینساف و نە مافی مرۆڤ و نە یاسا و نە دادپەروەری و نە ئەخلاقیان کەوتە بیریان، بڕیاریان دا ڕێبەرێکی کورد بێدەنگ بکەن و ژیانی لێ حەرام بکەن، کە بۆ ویژدان و یاسا و داد و داپەروەری و ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان خەبات و تێکۆشان دەکات.

هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی تورک لە جیهاندا، لە ئەمریکاوە تا زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، یۆنان، تا ڕوسیا و ئیسرائیل، میسر و کینیا، لە هێڵی ناهەقی و نادادپەروەریدا ڕیزیان بەست و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان تەواوی نۆرمە مرۆیی و ئەخلاقییەکانیان پێشێل کرد، بە فێڵ و تەڵەکە سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالان  لە کینیا  دەستگیرکرا و بە گەمەیەکی بێوێنە و تاریک ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا.

دۆست و هەڤاڵانی هێژا!

ئاماج لە پیلانگێڕییەکە تەسفیەکردنی تەڤگەری ئازادی گەلی کوردستان بوو. ئەوان پەکەکەیان بە تەڤگەرێکی کلاسیک دەزانی و دەیانگوت دوای دیلکردنی سەرۆک ئاپۆ، تەڤگەرەکە پەراوێز دەخرێت و دابەش دەبێت و بڵاودەبێتەوە و نامێنێت. قۆناغی دوای ئەو پیلانگێڕییە بە ڕوونی پیشانیدا کە ئەو ناوەندە نادادپەروەرانە نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان، خۆزگە و ئاواتەکانیان بەدی نەهات. لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵەدا، بەتەواوی ئەوەی چاوەڕێیان دەکرد، پێچەوانەکەی دەرکەوت. سەرۆک ئاپۆ لە زینداندا بەرخۆدانی کرد و زیندانی ئیمراڵی کردە گۆڕەپانی تێکۆشان. لە لایەکی تریشەوە تەڤگەری ئازادی و هەموو گەلی کوردستان، لەم ٢٥ ساڵەدا، بەرخۆدانێکی بێوێنەیان پەرەپێدا و پلانگێڕییان پووچەڵکردەوە.

هەرچەندە پیلانگێڕەکان نەگەیشتنە ئامانجەکەیان، بەڵام دەستیان لە هێرش و فێڵەکانیان بەرنەدا. ئێستاش دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی گەلی کوردستان دەکات و درێژە بە هێرشەکانی دەدات. دەوڵەتی تورک نەک هەر لە باکوری کوردستان بەڵکو لە باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان دەکات. لە بواری نێونەتەوەییدا هەوڵ دەدات دان بە کورددا نەنرێت و هێرش دەکاتە سەر هەموو دەستکەوتەکانی کورد. پیلانگێڕییەکە بەشێوەیەکی تر بەردەوامە و پێویستە هەموو کوردستانیان و دۆستانمان ئەم ڕاستییە ببینن و بەپێی ئەو ڕاستییە ڕێوشوێن بگرنەبەر و تێکۆشان مەزنتر بکەن.

دۆستان و هەڤاڵانی شکۆمەندمان!

ئەوە ٣٥ مانگە هیچ  زانیارییەک دەربارەی سەرۆک ئاپۆ و ٣ هەڤاڵمان لە ئیمراڵی نییە. لە ماوەی ئەم ٣٥ مانگەدا نە بنەماڵە، نە پارێزەر، نە کەسێکی متمانەپێکراو سەرۆک ئاپۆ و هەڤاڵەکانی نەبینیوە و دەنگی ئەوانی نەبیستووە. لە ماوەی ئەم ٣٥ مانگەدا هیچ نامە و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەوانمان پێ نەگەیشتووە. بەم بۆنەیەوە، لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە، دۆستانی سەرۆک ئاپۆ و دۆستانی گەلی کورد کەمپەینێکی گەورەیان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بە ناوی "ئازادی بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" دەست پێ کرد و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەی دەبەن. ئێمە وەک کەجەکە جارێکی تر سڵاو لەو دۆستانە دەکەین و سوپاسی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین. ئێمە بە هەموو هێزمانەوە جێگەی خۆمان لە کەمپەینەکەدا دەگرین و شان بە شانی ئەم دۆستانە هەنگاو دەنێین. باوەڕمان وایە سەردەکەوین، گۆشەگیری دەشکێنین و ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵەکانی ئازاد دەکەین.

ئەم گردبوونەوەیە لە ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەوروپایە. لەم بۆنەیەدا، بانگەواز لە هەموو هێزە جیهانیەکان دەکەین، بەتایبەت ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا، گوێ لە دەنگی گەلی کورد، دەنگی دۆستانی سەرۆک ئاپۆ بگرن، هاوکاری دەوڵەتی تورک نەکەن و دژی ئەم نادادییە بوەستنەوە. هەروەها ڕۆڵی سەرۆک ئاپۆ لە ئاشتی و ئارامیدا ببینن و لە مەسەلەی کورددا لایەنگری چارەسەر بن.

دۆستان و هەڤاڵانی سەرۆک ئاپۆ!

ڕێپێوان و گردبوونەوەکەتان لە کاتێکی زۆر گرنگدا ئەنجام دەدرێت. ئەم چالاکییەتان تەڤگەری ئازادی سەرۆک ئاپۆ بەهێزتر دەکات. پێویستە هەموو دۆست و هەڤاڵێک بزانێت کە تێکۆشانی ئازادی هەناسەیەکی درێژی دەوێت. داوا لە ھەمووتان و ھەموو گەلی کوردستان و دۆستەکانمان دەکەین زیاتر جێگای خۆتان لەنێو کەمپەینی ئازادی سەرۆک ئاپۆ بگرن و چالاکییەکانتان بەهێزتر بکەن. ئازادی سەرۆک ئاپۆ ئازادی گەلی کوردستانە، ئازادی هەموومانە.

بژی سەرۆک ئاپۆ!

بژی کوردستان!

بژی هەڤاڵێتی و دۆستایەتی گەلان!

بژی ئازادی!".