قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی سێواس له‌ سویسرا یادیان كرایه‌وه‌

قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی سێواس له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ وڵاتی سویسرا یادیان كرایه‌وه‌، هاوسه‌رۆكی جه‌ده‌كه‌ش له‌ میانی مه‌راسیمه‌كه‌دا داوای به‌شداریكردن له‌ ڕێپێوانی ناوه‌ندی شاری لۆزانی كرد، كه‌ بڕیاره‌ بۆ ١٠٠ه‌مین ساڵی په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ له‌ شاره‌كانی بێرن و ژنێڤی سویسرا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر یه‌ك له‌ زیلان (زه‌ینه‌ب كناجی) له‌ كادره‌ پێشه‌نگه‌كانی په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌ ٣٠ حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٩٦ له‌ دێرسم چالاكی گیانبازی ئه‌نجام دا و هه‌روه‌ها ٣٣ هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر كه‌ له‌ هۆتێل مادیماك له‌ شاری سێواس تیرۆر كران، یادیانكرایه‌وه‌.

یادكردنه‌وه‌كه‌ له‌ ژنێف به‌ خوڵه‌كێك ڕێزگرتن له‌ یادی شه‌هید زیلان و قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی سێواس ده‌ستی پێكرد.

لای خۆیه‌وه‌ ره‌زا چه‌تینكایا به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان (كۆماو) قسه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند، زیلان له‌ دژی هێزه‌ پیلانگێڕه‌كان هه‌ڵوێستێكی گیانبازی ئه‌نجامدا.

هه‌روه‌ها محه‌مه‌د له‌تیف چه‌ڵه‌بی، هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی كورد لە ژنێڤ ڕایگه‌یاند، ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجامدراون له‌ په‌یماننامه‌ی لۆزان دابڕاو نین. هه‌روه‌ك چون پێش په‌یماننامه‌ی لۆزان ئه‌رمه‌نییه‌كان كۆمه‌ڵكوژ كران، دوای په‌یماننامه‌كه‌ش گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بوونه‌ ئامانجی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌، له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌ كورد، عه‌له‌وی، ئه‌رمه‌نی، ئاشووری-سوریانی و چه‌ركه‌سه‌كان كۆمه‌ڵكوژ كران.

چه‌له‌بی وێڕای به‌بیرهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دێرسیم، ئاگری، مه‌ڕه‌ش و سێواس، وتیشی: له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی تێكۆشانی ئازادی كورد، كوشتنی بكه‌ر نادیاریش ده‌ستیپێكرد و هه‌وڵیاندا تێكۆشانی گه‌ل له‌ پێناو ئازادی ڕابگرن.

هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكی كورد لە ژنێڤ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ١٠٠ه‌مین ساڵی په‌یماننامه‌ی لۆزان نزیكبووه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌كی دیكه‌ به‌ كۆمه‌ڵكوژی گه‌لان تێنه‌په‌ڕێت، ده‌بێت ڕێگه‌ به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان نه‌ده‌ن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا داوای به‌شداریكردن له‌و ڕێپێوانه‌ی كرد، كه‌ بڕباره‌ ڕۆژی ٢٢ی ته‌مووز له‌ شاری لۆزان به‌ڕێوه‌بچێت.

مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌كه‌ دوای نمایشكردنی فیلمێك به‌ دروشمی "شه‌هید نامرن" كۆتایی هات.

بێرن

هاوكات له‌ شاری لانگێنتهالی سویسرا به‌ پێشه‌نگایه‌تی فیدراسیۆنی دیموكراتیكی عه‌له‌وییه‌كان مه‌راسیمێكی یادكردنه‌وه‌ بۆ ٣٣ هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر كه‌ له‌ ٢ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٩٣ له‌ هۆتێل مادیماک تیرۆر كران، به‌ڕێوه‌چوو.

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ خوڵه‌كێك ڕێزگرتن ده‌ستیپێكرد و دواتر فیلمێك نمایشكرا، پاشان مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ وتاری هه‌ریه‌ك له‌ پیر ئه‌ردۆغان ئه‌رگون و زاكیر عه‌لی ماتوور كۆتایی هات.

ژ.ن