هیومان رایتس وۆچ لەو راپۆرتەدا، کە رۆژی چوارشەممە 24ی ئادار بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەردۆغان و دادگای تورکیا دەکات بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتارەکانی ئەو پارتە.
رێکخراوەکەی مافی مرۆڤ دەڵێت: "لەدوایین پەرەسەندنەکاندا لە تورکیا زۆربەی تووندوتیژی و پێشێلکارییەکان دژی کورد، ئۆپۆزیسیۆن، ژنان و چالاکوانانی بواری دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوون."
هەروەها ئاماژە بە لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە پەرلەمانتاری هەدەپە "عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغلو" دەکات، کە هەفتەی پێشوو لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بە زۆرینەی دەنگی ئاکەپە و مەهەپە تێپەڕێنرا و دەڵێت: "ئەو هەنگاوەی تورکیا وایکرد گەرگەرلی ئۆغلۆ ببێتە یەکێکی دیکە لەو هەزاران قوربانییەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا."
هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "هەوڵی ئەردۆغان بۆ داخستنی هەدەپە مافی ملیۆنان کوردی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج و پرەنسیپەکانی دیموکراسی لەکەدار کردووە."
هەروەها ئاشکرای کردووە، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا تورکیا پێنج پارتی جیاوازی نزیک لە کوردی داخستووە و دادگاش 687 کەسی لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی ئەو پارتانە سزاداوە، کە زۆربەیان ئەندام یان پەرلەمانتاری سەر بەو پارتانە بوون کە پشتیوانی کورد بوون لە تورکیا.
هەروەها باسی ئاهەنگی نەورۆزیش دەکات لە باکووری کوردستان و نووسیویەتی: "لە رۆژانی 20 و 21ی ئاداردا کورد و دەنگدەرانی هەدەپە یادی ساڵی نوێی کوردی (نەورۆز)یان کردووەتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دژ بەو پێشێلکارییانەی تورکیا بەرامبەر کورد و هەدەپەش دەربڕیوە، کەچی حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و سەرکردەکانی هەدەپە بەهۆی بەشداریکردن و وتارەکانیان لەو ئاهەنگانەی نەورۆزدا."
رێکخراوەکە دەشڵیت: "حکومەتەکەی ئەردۆغان پێشێلی داخوازیی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردووە، کە داوایان کردبوو سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی هەدەپە و عوسمان کاڤالا، چالاکڤانی مافی مرۆڤی تورکیا ئازاد بکات."
جگە لە کورد و هەدەپە، بەپێی راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە جیهانییە، لە تورکیا ژنان، هاوڕەگەزخوازان و چالاکوانانی بواری دیموکراسی بەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کەوتوون.
هیومان رایتس وۆچ دەشڵێت: "تەنانەت بەرپرسانی حکومەت بە ئاشکرا لێدوان و وتاری دژی هاورەگەزخوازان دەدەن، خەڵکیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەو گرووپە دەستگیر دەکرێن، ئەمە جگە لە دەستگیرکردن و هەراسانکردنی پارێزەرانی بواری مافی مرۆڤ و چالاکوانە مەدەنییەکان."
هاوکات رێکخراوەکە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات لەکاتی کۆبوونەوەیان لە رۆژانی 25 و 26ی ئەم مانگە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بکەن، بە راشکاوی قسە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا بکەن و بە هەند وەری بگرن، دەشبێت تورکیا ناچار بکەن کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن و پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی مرۆڤ بهێنێت.
ژ.ت