رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی: ئه‌ردۆغان له‌ دژی كوردان شه‌ڕی ژینگه‌ ده‌كات

رۆژنامه‌ی فرانكفۆرته‌ر روندشاو سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر هێرشه‌ داگیركه‌ریی و قڕكه‌رییه‌كانی حكومه‌تی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌.

له‌ راپۆرتێكی فلیپ پێرنتۆ كه‌ به‌ ناونیشینی "ئه‌ردۆغان له‌ دژی كوردان شه‌ڕی ژینگه‌ ده‌كات" كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی فرانكفۆرته‌ر رودشاوی ئه‌ڵمانیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رنج راكێشراوه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ ده‌ڕژێنه‌ باكوری سوریا ده‌گرێته‌وه‌، داره‌كانی زه‌یتون بۆردومان ده‌كات یان ده‌یانسوتێنێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌ بیرهێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا دوای شه‌ڕ له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئیكۆلۆژی، یه‌كسانی جێنده‌ری و دیموكراسی دامه‌زراوه‌ و هاتووه‌: "به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ ئێستا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی قه‌یران و وشكبووندان. دوای ئه‌وه‌ی توركیا خاكی سوریای داگیركرد، پرسی ژینگه‌یی بوونه‌ته‌ چه‌قی شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونه‌كان. ئه‌مه‌ شه‌ڕه‌ ه‌گه‌ر به‌ ته‌اوه‌تی دژواریش نه‌بێت ئێستا له‌ هه‌رێمی سه‌وزی فورات به‌ڕێوه‌ده‌برێت".

'دوای راگه‌یاندنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌ردانه‌وه‌ی ئاو كه‌مبووه‌ته‌وه‌'

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ به‌ پێی په‌یماننامه‌ی ١٩٨٧ ده‌بێت ده‌وڵه‌تی تورك له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا ٥٠٠ مه‌تر چوارگۆشه‌ ئاو بۆ سوریا و عێراق به‌ربداته‌وه‌ و جێگه‌ی بۆ وته‌كانی وه‌ڵات ده‌روێش یه‌ك له‌ به‌رپرسانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا كردووه‌ته‌وه‌:

"به‌ڵام له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌ردانه‌وه‌ی ئاو كه‌مبووه‌وه‌. ئێستا رێژه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی توركیا به‌ریده‌داته‌وه‌ ٢٥٠ مه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ له‌ چركه‌یه‌كدا. بێگومان كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ ٥ ملیۆن دانیشتووی ناوچه‌كه‌ و ژینگه‌ كاریگه‌ری به‌رچاوی ده‌بێت. زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ توركیا به‌و تاكتیكه‌ ده‌یه‌وێت چی بكات، له‌ رێگه‌ی لاوازكردنه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌دا بگرێت".

'ده‌وڵه‌تی تورك مه‌ده‌نییه‌كان و پڕۆژه‌كانی ئاو بۆردوما ده‌كات'

په‌یامنێری رۆژنامكه‌ پێرنتۆ روانینی خۆی له‌ باره‌ی وشكبوونی ئاوی فورات كه‌ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر تل ته‌مر به‌م جۆره‌ خستووه‌ته‌ڕوو:

"له‌ تل ته‌مر كه‌ به‌ر له‌ شه‌ڕ زیاتر له‌ ٤٠ هه‌زار ئاشوری تێیدا ده‌ژین، ئێستا نزیكه‌ی هه‌زار سوریانی تێدا ده‌ژین. تل ته‌مر له‌ ژێر مه‌ترسی گه‌وره‌ و وشكه‌ساڵیدایه‌".

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا سه‌رنج راكێشاوه‌ بۆ سه‌ر هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر تل ته‌مر و وته‌ی دانیشتووی ناوچه‌كه‌ مه‌حسه‌ن عه‌لی خه‌لیل به‌م جۆره‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌: "ده‌وڵه‌تی تورك مه‌ده‌نییه‌كان، منداڵان، كێڵگه‌، پڕۆژه‌كان و وێستگه‌ی ئاو بۆردومان ده‌كات. به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیاوه‌ ئیتر ناتوانین وه‌ك پێشتر كێڵگه‌كانمان ئاو بده‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌با ده‌پچڕێنێت هه‌ندێك جار بۆ ماوه‌ی ١٠ رۆژ كاره‌بامان نابێت".

داره‌ زه‌یتونه‌كانی هه‌زاران ساڵه‌ سوتێنران

له‌ راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها سه‌نج راكێشراوه‌ بۆ سه‌ر زیانه‌ ژینگه‌ییه‌كان له‌ عه‌فرین و سه‌رێكانی كه‌ له‌ ژێر داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركدایه‌. ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ عه‌فرین داری زه‌یتونی هه‌زاران ساڵی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ سوتێنراون و بۆردۆمان كراون، له‌ سه‌رێكانیش زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان سوتێنراون و كانیه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست وشككاون.

ئێوه‌ ده‌توانن له‌ لینكی خواره‌وه‌ راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی فرانكفۆرته‌ر روندشاو بخوێننه‌وه‌:

 https://www.fr.de/politik/die-zerstoerung-der-umwelt-soll-rojava-ausloeschen-91728757.html

هـ . ب