شاندی نێونەتەوەیی: پێویستە ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت

ئەندامانی "شاندی نێونەتەوەیی چارەسەر بۆ پرسی کورد و دژایەتی گۆشەگیری" لە ئیستەنبوڵ پەیوەست بە کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە و گوتیان: "پێویستە ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت".

ئەندامانی "شاندی نێونەتەوەیی چارەسەر بۆ پرسی کورد و دژایەتی گۆشەگیری" کە لەپێناو ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە کە لە ئیمراڵی گۆشەگیرە و زیاتر لە ٣٥ مانگە زانیاری لەبارەیەوە نییە، گەیشتنە ئیستەنبوڵ، پاش سەردانیان بۆ شارەکە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. ئەندامانی شاندەکە لە ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست.

لە دەقی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا باسی سەردانەکان کرا بۆ لای پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و دایکانی کورد لە ئێشکگری دادپەروەری، هەروەها سوپاسی هەوڵی پارێزەران و کۆمەڵەکانیان کرد لە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان لە زیندانەکاندا.

لە دەقەکەدا ئاماژە بەوە کرا پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدی بێت و دەڵێت: "باوەڕمان وایە و زانیاری تەواومان لەبەردەستە بۆ ئەوەی، ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان تاکە چارەسەرە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی کاریگەر لەگەڵ گەلی کورد. هەریەک لە ئێمە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لە پەرلەمانەکانمان و پەرلەمانی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان چالاک دەبین. پێشنیارەکان دەخەینە بەردەست، بەدواداچوون بۆ دانیشتنەکان دەکەین و ئەم بابەتە بە ڕای گشتی نێونەتەوەیی ڕادەگەیەنین. پێویستە جڤاکی نێونەتەوەیی پێداگر بێت لەوەی دەوڵەتی تورک ئەرکی خۆی بەرامبەر کۆنسەی ئەوروپا بەجێ بگەیەنێت، لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجە و کاری نامرۆڤانە یان کەمکردنەوەی سزا و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمە دەربارەی ئەو دۆسیانەی پارێزەرانی ئۆجالان پێشکەشیان کرد، داوای وەڵام لە سی پی تی دەکەین. داوا دەکەین لە پرسی ڕێگری لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ ڕۆڵێکی گونجاو بگێڕێت".