بە دیمەن

شەهید دیار غەریب لە ئێدنبورگ یادکرایەوە

مەجلیسی گەلی کورد لە شاری ئێدنبورگی پایتەختی سکۆتلاند شەهید دیاری غەریبی بیرهێنایەوە کە ٥ ساڵ پێش ئێستە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوو.

مەجلیسی گەلی کورد بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە دیارغەریب (هەڵمەت) کە ٥ ی تەمموزی ٢٠١٩ شەهیدبوو، چالاکی یادکردنەوەی ڕێکخست.

چەندین کەس بەشداری یادەکە بوون لە ناوەندی جڤاکی کورد. یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕشی کوردستان دەستی پێ کرد و سینڤزیۆنێک دەربارەی دیار غەریب پیشاندرا.

لە یادەکە بەردەوام درووشمی "شەهید نامرن" بەرز دەکرایەوە. لەسەر ناوی جڤاکی کورد قسە کرا و دووپاتکرایەوە کە دیار غەریب بە هەڵوێست و تێکۆشانەکەی خاوەنی بەهایەکی گرنگە لەنێو تێکۆشانی ئازادیدا.

ئاماژە بەوە کرا دیار غەریب لە وڵاتپارێزیی کوردستاندا پێداگریی ئازادی و بەرخۆدانە دژی خیانەت و هاوکاری، گوترا: "شەهید هەڵمەت سیمبولی بەرخۆدانە دژی داگیرکاری و خیانەت. بۆیە کرایە ئامانجی دەستەیەکی هاوکار و خیانەتکار. وەک کوردێک لەڕێگەی بەرخۆدانەوە خۆی ئازاد کرد و کەسێتی خۆی بنیات نایەوە. ئەو جەنگاوەر و پارێزەری کوردستانی ئازاد بوو. بە ژیان و هەڵوێست و هەوڵە مەزنەکەی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کوردستان، میراتێکی مەزنی بۆ ڕۆڵەکانی کوردستان جێهێشت".

پاشان شاعیری کورد ڕێناس کە لە نزیکەوە شەهیدی دەناسی، هەڵبەستێکی دەربارەی شەهید خوێندەوە، گوتی: "هەڤاڵ هەڵمەت ڕۆشنبیر و مێژوونووس و ناوی فیداکاری و بەرخۆدانە، پێداگرییە لەسەر ئازادی".