بە دیمەن

شەڕڤانی ئوسترالی یەپەگە، جۆهانستۆن یادکرایەوە

شەڕڤانی ئوسترالی یەپەگە، ئاشلی کەنت جۆهانستۆن کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبوو، لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە.

شەڕڤانی ئوسترالی یەپەگە، ئاشلی کەنت جۆهانستۆن (هەڤاڵ باگۆک) لە ڕۆژئاوا شەهیدبوو، لەسەر گۆڕەکەی لە جانابێرای نزیکی پایتەختی ئوسترالیا یادکرایەوە.

یادەکە لەلایەن ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی سیدنی (دەکتەم) ئەنجامدرا، بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لەسەر ناوی دەکتەم باران سۆگوت ڕایگەیاند ئاشلی یەکێک بوو لەو دەیان شەڕڤانە ئەنتەرناسیۆنالیستەی بۆ پاراستنی بەکانی مرۆڤایەتی چوونە ڕۆژئاوا و دژی دڕندەیی داعش تێکۆشان، گوتی: "هەڤاڵ باگۆک ڕۆڵەی گەلی کوردە. هەردەم تێکۆشانی وی زیندوو ڕادەگرین".

هاوسەرۆکی دەکتەم تەیمور تاتڤان شەهید ئاشلی و تەواوی شەهیدانی شۆڕشی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند شەهید ئاشلی سێیەمین شەهیدی ئوسترالی ئێمەیە، گوتی: "ئەم شەهیدە مەزنانە بەڕێزەوە بیردەهێنینەوە کە بوونە پردێک لەنێوان کوردستان و ئوسترالیا، بەڵێن دەدەین هەمیشە ئەم شەهیدانە لە تێکۆشانمان زیندوو بهێڵینەوە".

ئاشلی کەنت جۆهانستۆن (هەڤاڵ باگۆک) لە ساڵی ٢٠١٤ چووە ڕۆژئاوا و لە ڕیزەکانی یەپەگە دژی داعش تێکۆشا. لە شوباتی ٢٠١٥ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی تەل حەمیس لە گوندی غەسان شەهید بوو. دایکی وی، ئاماندا جۆهانستۆن گوتی: "من ئیتر کوردم. دەزانم گەلی کورد هەرگیز کوڕەکەم لەبیر ناکات، ئەم یادکردنەوەیە، برینی من ساڕێژ دەکات".