بە دیمەن

شیلان چەلیک: پاکێجی نوێی دادوەری لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە

شیلان چەلیک، جێگری نووسینگەی پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند، ١٠هەمین پاکێجی دادوەری لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە و وتی: "پێویستە سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسایی پرۆسەکە هەنگاو بنرێت."

پێشنیازی یاسایی بۆ هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاساکان و یاسای جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و سزادان کە لەناو کۆمەڵگادا بە "پاکێجی ١٠هەمی دادوەری" ناسراوە، لە پەرلەمان پەسەند و جێبەجێکرا. ئەم گۆڕانکارییە لە نێوان لایەنە سیاسیەکان و ڕای گشتیی دا مشتومڕی لێکەوتەوە. ٨ بەشی ئەم پاکێجە کە گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە منداڵانی زیندانی و ئینتێرنێت بوو، بە ڕێککەوتنی لایەنەکان لە پاکێجەکەدا لابرا.

شیلان چەلیک، جێگری سەرۆکی نووسینگەی پارێزەرانی ئامەد، لەبارەی پاکێجی نوێی دادوەری و پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: "بە جۆش و گرنگییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی پاکێجی ١٠هەمی دادوەریی دەکرا. بەڵام کاتێک سەیری دەکەین، ئەم گۆڕانکارییە لە جێبەجێکردندا زۆر سنووردارە. بەهۆی ئەم سنووردارکردنەوە، نیگەرانییەک هەیە کە وا نیشان دەدات گرنگی بە پرۆسەکە نادڕێت."

دۆخی زیندانیانی نەخۆش بەپەلەیە

شیلان جەلیک ڕایگەیاند کە پاکێجە نوێیەکەی دادوەری لە ئاست چاوەڕوانیەکاندا نەبووە و وتی: "لە پەیوەندی بەم پرۆسەیەدا پێویستی بە گۆڕانکاری یاسایی هەیە، دەبێت هەنگاوی جددیی بگیرێتەبەر. بێگومان هەموو شتێک بە یەکجار ڕوونادات، هەموو گۆڕانکارییەکان بە یەکجار ناکرێن. هەندێک پرسی زۆر بەپەلە هەن کە پێویستە دوا نەخرێت، یەکێك لەو یاسانە پەیوەندی بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگاوە هەیە.

بابەتێکی دیکە بەشی زیندانییە نەخۆشەکانە. نەک هەر زیندانیانی نەخۆش، بەڵکو دۆخی هەموو زیندانیانی لە بارودۆخی زینداندا بەپەلەیە، بەڵام دۆخی زیندانیانی نەخۆش بەپەلەترە. بۆیە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە لەم بارەیەوە بگیرێنەبەر بەپەلەترە و دەبێت بەخێرایی جێبەجێ بکرێت و دەبێت ئەم هەنگاوانە کاریگەر بن. بەڵام لەم پاکێجە دادوەرییەدا دەبینین کە ئەمە بەو شێوەیە نەکراوە، بەشی سیاسی و زیندانییە نەخۆشەکان سنووردار کراوەتەوە، ڕاپۆرتی ATK بۆ زیندانیانی تەواو نییە. لێرەدا دەبێت ناوەندەکانی تەندروستی بڕیار بدەن.

نابێت گۆڕانکاریی یاسایی تەنها بە حکومەت بسپێڕدرێت

شیلان چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە دروست نییە کە ئەم پرۆسەیە تەنها بە پاکێجی دادوەری و پێشنیاری یاسایی هەڵسەنگێندرێت و وتی: "کاتێک بانگەوازی مێژوویی بۆ ئەم پرۆسەیە کرا، هەموو لایەنەکان زانیان کە بە یەکجار ئەم پروسەیە ئەنجام نادرێت. ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی پێویستە. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی، دەبێت گۆڕانکارییە یاساییەکان ئەنجام بدرێت. چونکە گرنگە ئەم پڕۆسەیە لەسەر بنەمای یاسایی بەشێوەیەکی ڕاست و دروست بەرەوپێش بچێت. ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە دەتوانرێت چارەسەرێکی بەردەوام بخوڵقێنیت، ئەگەرنا، ئەو پێشنیازە یاساییانەی کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش دەکرێن بەس نییە."

حکومەت دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات

شیلان چەلیک لەسەر ئەوەش جەختی کردەوە کە دەبێت حکومەت سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "لە ڕوانگەی یاساییەوە دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت بە شێوەیەکی یاسایی هەموو لایەنەکان دڵنیا بکات، شوێنی ئەم چارەسەرییە پەرلەمانە. ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەدرێن و ئەو گۆڕانکارییە یاساییانەی کە دەدرێن، پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی دەباتە پێشەوە. لە ئێستادا کەموکوڕی زۆر گەورە لە یاسای تورکیادا هەیە، بە تایبەت لە یاسای تاوانەکاندا پێناسەی ناڕوون هەیە لە ڕووی پێناسەکردنی تاوانەکانەوە.

*لە یاسای شارەوانییەکاندا پێویستە ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت کە تێدا دانانی قەیومی دیاری کردووە.

* بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت مافە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی لە بواری گشتیدا بەکار بهێنێت، پێویستە گۆڕانکاری یاسایی بکرێت.

بەمشیوەیە گرنگە کۆمیسیۆنێکی تایبەت لە پەرلەمان پێکبهێنرێت و پێشنیاری یاسایی بخرێتە بەردەم کۆمیسیۆن. تا ئەو کاتەی ئەم پرۆسەیە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بەدواداچوونی بۆ نەکرێت، وەک لە  ١٠هەمین پاکێجی دادوەری دا بینیمان، کەموکوڕی جددی ڕوودەدات."