سەنجار: لە ئایدین دوو پەرلەمانتارمان دەبێت
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، مەدحەت سەنجار ڕایگەیاند، پارتی چەپی سەوز لە ئایدین دوو کورسی پەرلەمان دەباتەوە.
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، مەدحەت سەنجار ڕایگەیاند، پارتی چەپی سەوز لە ئایدین دوو کورسی پەرلەمان دەباتەوە.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز لە ئیجە، پاش دینزلی لە ئایدین بەردەوام بوو. لەم چوارچێوەیەدا، نووسینگەی هەڵبژاردن لە گەڕەکی عوسمان یۆزگاتلی سەر بە شارۆچکەی ئەفلەر کرایەوە. لە کردنەوەی نووسینگەکە هەریەک لە هاوسەرۆکی هەدەپە، مەدحەت سەنجار؛ وتەبێژی هەدەپە و کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە ئایدین، ئەبرو گونای؛ وتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، ئەسەنگول دەمیر؛ وتەبێژی پارتی ئازادیی کۆمەڵایەتی، پێرهان کوجا بەشداربوون. هەروەها وەفدەکە لە دەروازەی شارۆچکەکە پێشوازییان لێ کرا، پاشان گەیشتنە نووسینەگەکە. گەل لەسەر ڕێگە و شەقامەکان جۆشوخرۆشێکی مەزنیان پیشاندا. سەدان کەس لەبەردەم نووسینگەکە پێشوازییان لە وەفدەکە کرد. کردنەوەی نووسینگەکە گۆڕا بۆ ئاهەنگێکی حەماسی.
وتەبێژی پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی، پەریهان کوجا لە ئاهەنگەکدا ڕایگەیاند، لەگەڵ کرێکاران و ژنان و گەنجان دەگەنە دەسەڵاتی دیموکراتیک دژ بە دەسەڵاتی شەڕ: «گەلی ئێمە ناچەمێت، ئومێدمان بە هیچ بێگانەیەک نییە. دژی شەڕی ئەوان، ئێمە ئاشتی و دادپەروەری دەچەسپێنین».
«سەردەکەوین»
هاوکات وتەبێژی هەدەپە، ئەسەنگول دەمیر ڕایگەیاند، ملیۆنان نوێنەر دەنێرنە ئەنجوومەن بە سەرکەوتنی ١٤ ـی ئایار، باشترین ئەنجام لەم هەڵبژاردنەدا، ڕووخانی حکومەتە. هەروەها دەمیر ڕوونی کردەوە، کەس ناتوانێت کاروانەکەیان ڕابگرێت، گوتی: «بای گۆڕان و ئازادی هەڵیکردووە و گەیشتۆتە وڵات، هیچ هێزێک ناتوانێت بەر بە جۆشوخرۆشی گەل بگرێت».
هەمانکات هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، مەدحەت سەنجار ڕایگەیاند، ئەوەی وای کردووە ئەم کۆمارە نەتوانێت بناغەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێنێت، نکۆڵیکردن و چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە، گوتی: «ئەگەر یەکسانی دەرهەق بە کورد نەچەسپێت، گەلی تورکیاش ئازاد نابێت. یەکسانی بۆ کورد دەڕەخسێنین، تا ئازادی بێتەدی. ئەم دەسەڵاتە لەسەر سیاسەتی نکۆڵی هەموو ئیدارەکانی پێشوو بەندە و دژایەتی کوردی گەیاندە ترۆپک. ڕێگەی بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتەیە. ئامانجی ئێمە چەسپاندنی ئاشتی بەردەوامە لە وڵات».
هەروەها سەنجار باسی لە گرنگی شاری ئایدین کرد، گوتی: «بۆ ئەوەی گەل بتوانێت بتوانێت ئازادانە پێکەوە بژین ، دەبێت ئایدین پەرلەمانتاران لە پارتی چەپی سەوز هەڵبژێرن. ئەم پەرلەمانتارانە دەبنە پردی ئازادی و دیموکراسی لەنێوان ئیجە و کوردستان. ئەگەر ئێمە نەبین، دیموکراسی نابێت. ئەم سیستەمی دزی و چەوسانەوەیە هەڵدەوەشێنین. هەروەک کاروانەکەمان دژی ئەم دزییە سەد ساڵەیە وێران دەکەین و سەردەکەوین».
پاشان نووسینگەکە کرایەوە.
ف.ق