تەرمی ئارمیتا گراوەند لە تاران بە خاکسپێردرا

تەرمی کچە مێرمنداڵی کورد ئارمیتا گراوەند کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، لە تاران بەخاکسپێردرا.

ئارمیتا گراوەند ١ی تشرینی یەکەم لە پایتەختی ئێران لە کاتێکدا بە میترۆ دەچووە خوێندنگە، بەهۆی ئەوەی بە گوێرەی یاساکانی دەوڵەتی ئێران سەری خۆی دانەپۆشیبوو پۆلیسەکان لێیاندابوو و لە ئەنجامدا کەوتبووە دۆخی کۆماوە.

ئەو کچە تەمەن ١٧ ساڵەیە پاش ٢٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران رۆژی شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم هەواڵی گیان لەدەستدانی راگەیەندرا.

بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران رێگرییان لەوەکرد تەرمی ئارمیتا ببرێتەوە بۆ کرماشان و بنەماڵەکەیان ناچارکرد لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بەخاکی بسپێرن.

زانرا کە ٨ کەس لە بەشداربووانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئارمیتا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.