تولای حاتەم ئۆغڵاری: شارەکانمان ئاوەدان دەکەینەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغڵاری کە سەردانی بازارجخ و دیگۆری کرد، لەلایەن گەلەوە پێشوازی لێکرا و وتی: "بە شێوەیەکی دیموکراتیک شارەکانمان ئاوەدان دەکەینەوە."

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان تولای حاتەم ئۆغڵاری نووسینگەی بانگەشەی لە شارۆچکەی بازارجخ و ناوچەی دیگۆر لە قەرس کردەوە. تولای حاتەم ئۆغڵاری کە گەیشتە شارۆچکەی بازارجخ، لە ناو شارۆچکەکە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکرا و لەلایەن ژنانەوە بە چەپڵە لێدان و دروشمەکانی سەرکەوتنەوە پێشوازییان لێکرد. لە کاتی کردنەوەی نووسینگەکەدا تولای حاتەم ئۆغڵاری یەک بە یەک ژن و منداڵانی لە باوەش گرت. هەروەها سەرۆکی فراکسیونی پەرلەمانیی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت و پەرلەمانتاری ئیدر یڵماز هون و کاندیدەکانی هاوسەرۆکی شارەوانی قەرس ئارەزو ساڤاش دەرمان و کەنعان کاراهانچی بەشدارییان لە کردنەوەی نووسینگەکەدا کرد.

تولای حاتەم ئۆغڵاری لە قسەکانیدا لەوێ وتی: "لەگەڵ گەل، گەنجان و ژنانی بەنرخمان پێشەنگایەتی دەکەین. ئەنجومەنی شارەوانییەکانمان ڕوون دەبنەوە. هەمووان وەرنە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەدواداچوون بۆ دانیشتنەکانمان بکەن. لە ئەنجومەنەکەمان پێکەوە لەگەڵ گەلەکەمان چارەنووسمان دیاری دەکەین. پێکەوە بڕیار دەدەین. دەم پارتی هیوای ژنان و گەنجانە. دەم پارتی، پارتی ئەوانەیە دەڵێن 'ژن ژیان ئازادی'.  لێرە ماڵێک بەجێناهێڵین کە سەردانی نەکەین و دەستێک نامێنێ کە نەیگرین. دەرگا بە دەرگا دەڕۆین. بە تایبەتی دەچینە ئەو ماڵ و بنەماڵانەی تا ئێستا دەنگیان پێ نەداوین. پێویستە یەک بە یەک ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی گەلی کورد دەبێت خاوەنداری لە خۆی بکات، بۆچی نابێت دەنگ بە پارتێکی تر بدات، بۆچی نابێت دەنگ بە ئاکەپە بدات. دەبێت ئەوەیان بۆ ڕوون بکەینەوە کە بۆچی دەنگ بەو کەسانە نادەین کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆبۆسکی و دیگۆر گەلەکەمان دەکوژن."