تولای حاتەم ئۆغۆللاری داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کوردی کرد

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی گەل لە ناوچەی خانا ئاخپار داوای کرد دەمودەست ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە چوارچێوەی خەباتی هەڵبژاردن لە ئامەد، چووە ناوچەی خانا ئاخپار.

لەکاتی گەیشتنی بە ناوچەکە بەشێوەیەکی گەرموگوڕ پێشوازی لێ کرا.

حاتەم ئۆغۆللاری سڵاوی لە هەزاران بەشداربووەکە کرد و ڕایگەیاند لە ئیستەنبوڵەوە هاتوون و لە ئەسەنیورت بە بەشداری دەیان هەزار کەس گردبوونەوەی مەزنیان ئەنجامداوە، گوتی: "پەیامی ئێمە چارەسەری پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە، هەروەها هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵییە لەسەر بەڕێز ئۆجالان. دیسانەوە لە خانا ئاخپار بە تەواوی تورکیا دەڵێین، گۆشەگیری تاوانێکی قورسە بەرامبەر مرۆڤایەتی و پێویستە دەمودەست هەڵبگیرێت. دەبێت دەمودەست بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت".

حاتەم ئۆغۆللاری سڵاوی هاوسەرۆکی پێشووی ئەنقەرە گوڵتان کشاناک و هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغی لە زیندانەوە گەیاندە ئامادەبووان، دووپاتی کردەوە دژی سیستەمی تاکپارێز و نەژادپەرست بەرگری لە خوشک و برایەتی گەلان دەکەن.