هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ژنانی مەجلیسی پارتەکەی ڕۆژەڤە هەنوکەیەکانی نرخاند. ئاماژەی بەوە کرد پرسی سەرەکی لە تورکیا پرسی کوردە، پێویستە بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، تیشکی خستەسەر گۆشەگیری و گوتی: "بۆ شەرمەزارکردنی ئەم ڕەوشە زیندانیان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، بۆ پشتگیری لەم چالاکییە لە تورکیا و کوردستان دایکان ئێشکگری دادپەروەری ئەنجام دەدەن، داواکانیان بریتیە لە چارەسەر دیموکراتیکی پرسی کورد و هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان".
حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی کرد بە "ڕێپێوانی مەزنی ئازادی" بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئەو ڕێپێوانە مەزنەی لە ١ شوباتەوە بە دوو قۆڵ لە قەرس و وانەوە دەست پێ دەکات، تا ١٥ ی شوبات بەردەوام دەبێت، ئامانجەکەی لەگەڵ چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن یەک شتە. ئامانجەکە هەڵگرتنی گۆشەگیری و چارەسەر پرسی کورد بەڕێگەی دیموکراتیکە. هەروەها لە هەموو جێگەیەک لەگەڵ ژن و کرێکاران کۆدەبینەوە. وەک دەم پارتی بەشداری ڕێپێوانەکە دەکەین. نەوەک هەر ئێمە، نوسەر و ڕۆشنبیر و نوێنەری هێزە دیموکراسییەکانیش لەم ڕێپێوانەدا دەبن".
حاتەم ئۆغۆللاری گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساند و ڕایگەیاند وەک دەم پارتی بانگەوازدەکەن بۆ گفوتگۆ و دانوستان.
ئاماژەی بەوە کرد لەم شەڕ و پێکدادانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی داگرتووە، چارەسەر ئاشتییە، تورکیاش لەم هاوکێشانە بەدەر نییە، بۆیە پێویستە ڕووبکاتە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە وڵات بەرقەرار بکرێت.