تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە سیستەمی گۆشەگیری هەڵبگیرێت، ئیمراڵی دابخرێت
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە گردبوونەوەی ئەسەنیورت قسەی کرد و گوتی پێویستە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و ئیمراڵی دابخرێت.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە گردبوونەوەی ئەسەنیورت قسەی کرد و گوتی پێویستە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و ئیمراڵی دابخرێت.
دەیان هەزار کەس بەشداربوون لە "گردبوونەوەی ئازادی و دیموکراسی" لە ئیستەنبوڵ.
لە گردبوونەوەکەدا بە جۆشەوە پۆستەری مەزنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی، حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند گۆشەگیری کاریگەری لەسەر هەموو جڤاک داناوە و گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ گەنجان کۆچ دەکەن، ناتوانن لەگەڵ هەڤاڵێکیان کۆببنەوە و چالاکییەکی جڤاکی و چاندی بکەن، دەبێت بزانین گەنجەکانمان ئازاد نین، ئەوانیش لە گۆشەگیریدان".
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند گۆشەگیری ئیمراڵی پرسی هەموو گەلانی تورکیایە و گوتی: "ئاخۆ گۆشەگیری ئیمراڵی چارەسەرە؟ ئەم خەڵکە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی لێرەن. پرسی کورد پرسی وڵات و جوگرافیای ئێمەیە. پرسی کورد، پرسی ئیتنیکە، پرسی ناسنامە و ستاتۆیە. پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەر چوار پارچەی کوردستانە".
حاتەم ئۆغۆللاری بانگەوازی کرد بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیکی پرسی کورد، هەروەها گوتی: "پێویستە زیندانی ئیمراڵی دابخرێت. پێویستە سیستەمی گۆشەگیری لە هەموو بوارێکی ژیان کۆتایی بێت. ئێمە هەموو پێکەوە دەتوانین ژیانێکی یەکسان و هاوبەش بونیادبنێین و دابمەزرێنین".
پاشان تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر فەڵەستین و ڕایگەیاند، ئەگەر تورکیا پرسی کوردی چارەسەر بکردایە، ئەوکات بانگەوازەکەی بۆ پرسی فەڵەستین کاریگەر دەبوو.
هەروەها ڕایگەیاند پەیامی یەکێتی و ئاشتی تورکیا بۆ هەموو ئیتنیک و ڕەچەڵەک و باوەڕ و چاندێکە و گوتی: "بە دەنگی بەهێز دەڵێین: ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی".