تولای حاتەم ئۆغۆللاری: لە ئیمراڵی کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێت

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تولای حاتەم ئۆغۆللاری رایگەیاند، کە لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی نامرۆڤانە بوونی هەیە و وتی، "کات کاتی قسەکردنە و کردەوەیە لە پێناو رزگاری کۆمەڵایەتیمان".

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فڕاکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان قسەی کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە گەرمەکانی رۆژ کرد.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی ئیسرائیل فەلەستین کرد و باسی لەوەکرد کە جیهان تەنیا سەیری شەڕەکە دەکات. ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان لەگەڵ گەلی فەلەستینن و وتی، "زۆر جار وتوومانە، جارێکی دیکە دەیڵێینەوە؛ تا ئێوە درێژە بە رێککەوتنە بازرگانی و سەربازییەکانتان لەگەڵ ئیسرائیل بدەن، ئێوە ناتوانن هیچ شتێک بکەن. ئێوە ناتوانن شان بە شانی گەلی فەلەستین بوەستنەوە".

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە نیشاندا و وتی، "لەوەها دۆخێکدا کە لە تورکیا کێشەی کورد لەبەرچاوە و روون و ئاشکرایە، گوێ بۆ بانگەوازەکانی ئاشتی ناگرن، ئایا ئێوە باسی کامە ئاشتی و دانبەخۆداگرتن دەکەن؟ ئەردۆغان لە بارەی شەڕی ئیسرائیل - فەلەستینەوە دەڵێت شەڕ ویژدانی گەلان هەڵدەتەکێنێت'. ئەوەی دەڵێت 'شەوێک لەناکاو دەتوانین بێین' و بە شەو و رۆژ کوردان بۆردومان دەکات؛ سەرۆککۆماری ئەم دەسەڵاتەیە و بووەتە ' خاەن ویژدان' و ئەم قسانە دەکات".

حاتەم ئۆغۆللاری ئەوەشی خستەڕوو، کە بە پشتیوانی، رێکخستن و تێکۆشان ئازارەکانی خۆیان کەمدەکەنەوە.

گۆشەگیری لە ئیمراڵی

 حاتەم ئۆغۆللاری لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا بەرامبەر بە گۆشەگیری لە ئیمراڵیش ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، "بۆ ئەوەی دەرگا بەڕووی چارەسەری دیموکراتیکدا بکرێتەوە، ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. لەراستیدا لەوێ تاوانێکی نێونەتەوەیی ئەنجام دەدرێت. دژایەتی یاسا و سژایەتی مرۆڤایەتی دەکرێت. لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە کە هیچ زانیارییەک لە بارەی مرۆڤێکی زیندانییەوە بەردەست نەبێت. روو لە وەزیری داد دەکەم، بە جێبەجێکردنی بڕیاری گرتنەبەری رێکار کە لەلایەن کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرچووە و زیاتر لە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە، بۆچی هەنگاوێکی ئەوتۆ نەگیراوەتەبەر. لەو بابەتەدا دەبێت دەستبەجێ ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. داوا لە کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) دەکەم؛ ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن، سەردانی ئیمراڵی بکەن و بە تایبەتی لەبارەی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان دۆخی دوورگەکە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکەن، کە ئەمەش داواکاریی ملیۆنان مرۆڤە. گەلی کورد پەرۆشی زانینی دۆخی ناو دوورگەکەیە. گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پەرۆشیەوە لێی دەڕوانن. هەڵگرتنی گۆشەگیری دژوار یارمەتیدەری گەورەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە. هەربۆیە دەڵێین دەبێت دەمودەست کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت.

ئێمە کێشەی کورد بە هۆشمەندییەکی ئاشتیانە و یەکسان لەسەر بەستێن و بوارێکی دیموکراتیک چارەسەر دەکەین. کەس برسی و لانەواز و بێ ماڵ و حاڵ نابێت. هەمووان ئێوارە دەتوانن خواردن ببەنەوە بۆ ماڵەکانیان. بێئەوەی خەمی داهاتوویان هەبێت دەتوانن بە ئاسودەیی خواردنەکەیان بخۆن. کاتی بێدەنگی و سەیرکردن نییە. بۆ رزگاری کۆمەڵایەتیمان کاتی هاتنەدەنگ و چالاکیی و کردەوەیە".

هـ . ب