تورکدۆغان: دەبێت دیدار لە گەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت

هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە ئۆزتورک تورکدۆغان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی نیشاندا و وتی، "دەبێت دەمودەست دیدار لەگەڵ ئۆجالاندا ئەنجام بدرێت".

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (تیهەڤ) لە ٧٤ەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ، بە بۆنەی ١٠ی کانونی یەکەم رۆژی مافەکانی مرۆڤ و ١٠-١٧ی کانونی یەکەم هەفتەی مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندی گشتی ئیهەدە کۆبوونەوەیەکی سازکرد و لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ راپۆرێک خوێندرایەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە بە پێی داتا و ئامارەکانی وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠٠٥دا ژمارەی زیندانیان ٥٥ هەزار و ٨٧٠ کەس بوو و لە ١ی کانونی ٢٠٢٢دا ئەو ژمارەیە گەیشتووەیە ٣٣٦ هەزار و ٣١٥ کەس.

گۆشەگیری لەسەر ئیمڕاڵی

تورکدۆغان سەرنجی راکێشا بۆ سەر گۆشەگیری لە دژی ئیمڕاڵی و وتی، "گوایە حکومەت لە مانگەکانی هاویندا لەبارەی زیندانیانی نەخۆشەوە دەسی بە هەنگاوێک بکردایە، بەڵێنیدا بەڵام هیچی نەکرد. گۆشەگیری لە دژی شکۆی مرۆڤایەتییە. دەبێت گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی کۆتایی پێبهێنرێت و عەبدوڵا ئۆجالان بە زووترین کات دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی ئەنجام بدات. ئازادی رادەربڕین بۆ هەموومان پێویستییە. زیندان بەدەست دەسەڵاتی سیاسیەوە بووەتە کەرستەی ترس و تۆقاند و گوشار. لە پێشێلکردنی مافی ژیانەوە بگرە تا ئەشکەنجە، لە مافی تەندروستییەوە بگرە تا گوشار، زۆر ماف پێشێل دەکرێن".

زیندانیکردنی فینجانجی

تورکدۆغان رایگەیاند، کە گرتنی سەرۆکی دەستەی ناوەندی یەکێتی پزیسکانی تورک شەبنەم کۆرور فینجانجی نایاساییە و وتی، "بە گوێرەی پرەنسیپ و بنەما گەردوننیەکان کە بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ پێناسە دەکەن، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ تەنیا پشتیوانی لە بنەما و بەهاکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. ناکرێت کە بە هۆی شرۆڤە پزیشکییەکانیەوە شەبنەم کۆرور فینجانجی دەستگیر و زیندانی بکرێت. لە بری گرتنی ئەو دەبوایە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکان بکرایە".

دۆزی کورد                            

تورکدۆغان رایگەیاند، کە گرنگترین پرسی وڵاتەکە دۆزی کوردە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "گوشارەکان لەسەر پارتە سیاسیەکان بەردەوامن. دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە. وەک بەرگریکاران و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ئێمە بەردەوام داوامانکردووە پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێت. ئێمە سوورین لەسەر ئەو داواکارییەمان، لەبەر ئەوە داوادەکەین کە ئیتر پێکدادانەکان رابگیرێن. ئێمە دەستنیشانی دەکەین ئەگەر ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەپارێزرێن".

تورکدۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە سیاسەتی ئابووری نیولیبڕاڵ بە هۆی قەرز و تێچووەکانی شەڕ و پێکدادانەکان دەبنە هۆی قەیرانی ئابوری و وتی، "لەم هەلومەرجانەدا دەبێت کەس دەستوەران لە مافەکانی کرێکاران و رەنجدەراندا نەکات".

هـ . ب