"تورکیا بۆ درێژەپێدان بە داگیرکارییەکانی گەلانی ناوچەکەی پارچەپارچە کردووە"

فوئاد مستەفا نوێنەرێکی باڵیۆزخانەی فەلەستین لە عێراق، لە کۆنگرەی (بەرەو دیالۆگی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو) داوا دەکات گەلان یەکبگرن بۆ ڕووبەربوونەوەی ووڵاتانی داگیرکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژی شەممەی ڕابردوو لەشاری بەغدای پایتەختی عێراق، بەبەشداری ١١٠ کەسایەتیی جیاواز لە سەرانسەری عێراقەوە، کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی - کوردیی سەرکەوتوو" بەڕێوەچوو، کە کۆنگرەکە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک سازکرا.

کۆنگرەی "بەرەو دیالۆگێکی عەرەبی - کوردیی سەرکەوتوو"  بەدەستپێشخەریی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراتی و هاوکاریی هەریەک لە کۆمەڵەی ئازادیی بۆ کوردانی فەیلی عێراق، دەزگای ستاندار، ڕێکخراوی مرۆیی ڕۆڵەکانی شەنگال و کۆمەڵەی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو. کۆنگرەکە بە بەشداریی ١١٠میوان لە کەسانی ئەکادیمیسیان، ڕۆشنبیر، نوسەر، کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە هەر دوو نەتەوەی کورد و عەرەب و سەرجەم  پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی عێراقەوە، بەشدارییان کردبوو.

یەکێک لەو کەسانەی بەشداریی کۆنگرەکەی کردبوو، فوئاد مستەفا بوو، کە وەکو ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی فەڵەستینە لە عێراق، نوێنەرایەتیی باڵیۆزخانەی فەڵەستینی دەکرد لە کۆنگرەی (بەرەو دیالۆگی عەرەبی-کوردیی سەرکەوتوو) .

'ئەم کۆنگرانە دەبێتە بناغەیەک بۆ ئاشتی لەناوچەکە'

فوئاد مستەفا ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی فەلەستین لە عێراق، سەبارەت بە گرنگیی بەستنی کۆنگرەی دیالۆگ لەنێوان گەلانی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئەم جۆرە کۆنگرانە گرنگن و پەیوەندییەکانی هەر دوو گەلی عەرەب و کورد نزیکتر و قوولتر دەکاتەوە، نزیکترین گەل لەیەکتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کورد و عەرەبن، ئەم جۆرە کۆنگرانە دەبێتە هۆی بەهیز بوونی برایەتیی نێوان کورد و عەرەب و هەروەها ئەم کۆنگرە دیالۆگیانە دەبێتە ڕێگە چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئاڵۆزی و کێشە و لێکتێنەگەیشتنەکانی نێوان هەر دوو نەتەوە، ئەم کۆنگرانە دەبێتە بناغەیەک بۆ ئاشتی لەناوچەکە و هەروەها بەرژەوەندی و مافی نەتەوەکان دیاری دەکرێت لەرێگەی ئەم جۆرە کۆنگرەی دیالۆگانەوە."

'تورکیا بۆ درێژەپێدان بە داگیرکارییەکانی گەلانی ناوچەکەی پارچەپارچە کردووە'

سەبارەت بەهەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردن و دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فوئاد مستەفا وتی: "پێش چوار سەد ساڵ لەمەوبەر تورکیا لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا، پلانی دابەشکردنی گەلان و لاوازکردنی بەرگریی ناوچەکەیان داڕشتووە، بۆ درێژەپێدان بە سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ووڵاتانی ناوچەکەدا، کە دەوڵەمەندن بە سامانی وزە و سامانی سروشتی، ئەم هەوڵانەش بۆ داگیرکردنی ووڵاتانی ناوچەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ناوخۆیی خراپ لە ووڵاتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

'داگیرکەران هەوڵیانداوە گەلانی ناوچەکە دژی یەکتر بەشەڕ بدەن'

لەکۆتایدا فوئاد مستەفا ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی فەلەستین لە عێراق، دەربارەی رێگاکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەناوچەکە وتی: "لە سەردەمی پەیماننامەی (سایکس - پیکۆ)وە ووڵاتانی داگیرکەر هەوڵیانداوە گەلانی ناوچەکەدا دژی یەکتر بەشەڕ بدەن تا ووڵاتانی داگیرکەر بەردەوام بن لە تاڵانیی سامانی ووڵاتانی ناوچەکە، نەتەوەکانی ناوچەکە هەزاران ساڵە پێکەوە دەژێن، بۆیە پێویستە لەرێگەی دیالۆگی ئاشتییانە و دانوستان تەواوی جەنگەکانی ناوچەکە کۆتایی پێبهێنرێت."

ژ.ت