پارێزەر تیم ئینگڵس-ی ئەڵمانی و داکۆکیاری مافەکانی مرۆڤ لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا لەگەڵ کاری پارێزەرەیدا بە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەناسرێت لەبارەی بێدەنگیی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بە گۆشەگیریی قورسی ئیمراڵی و هۆکارەکانی گرنگیی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.
ئینگڵس باسی ئەوەیکرد، کۆمیتەى رێگریکردن لە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) لە بابەتی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى ئیمرأڵی دا لایەنی بەردەنگ و موخاتەبە، بەڵام ئەو رێکخراوە تەنها بە ئەرکی راوێژکاری هەڵدەستێت، لەبەر ئەوەش بەرپرسیاریی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتەکانی ناو ئەنجوومەنی ئەوروپا.
ئینگڵس لە بەردەوامیی وتەکانیدا و لەوبارەیەوە وتی: "بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئەوروپا پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە، چونکە تورکیا ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەیە، بەڵام ئەگەر ئەنجوومەنی ئەوروپا سەرباری هۆشدارییەکانی سی پی تی و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەست بە جموجوڵ و هەوڵ نەکات و بێدەنگ بێت، ئەوە بێگومان هۆکاری ئەو بێدەنگییە بۆ پەیوەندیی سەربازی و بازرگانی لەگەڵ تورکیادا دەگەڕێتەوە. هەروەها دەبێت هۆکاری رێککەوتننامەى پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ تورکیادا بەو هۆکارانە زیاد بکرێت. گەورەترین ترس ئەوەیە، کە تورکیا دەست بە هەندێک جموجوڵ و کار بکات، کە رێککەوتننامەکە بخاتە مەترسییەوە".
"ئازادییان دەبێتە یارمەتیدەر و هاوکار بۆ هێنانەدیی ئاشتی"
داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ تیم ئینگڵسی ئەڵمانی باسی ئەوەشیکرد، ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلانی ناوچەکە ئازادی و ئاشتی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و وتی، "بە بڕوای من ئازادییان گەورەترین هاوکاری و کاریگەریی لەسەر هێنانەدیی خۆبەڕێوەبەری، ئازادیی ژنان، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک – ئیکۆلۆژیک دەکات".
تیم ئینگڵس ئاماژەى بەوەکرد، لە ئاگربەستی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٣ تاوەکو پرۆسەى ئاشتی لە ئۆسلۆ و پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە ئیمراڵی هەموو هەنگاوەکان بۆ ئاشتی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجانەوە نراون و رایگەیاند، "بێگومان کۆتایهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەى چارەسەری لە دەستی ئەودایە، ئەوە پێش ئێستا زۆر جار بینراوە و سەلمێندراوە".
تیم ئینگڵسی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی شوبهاند بە رۆڵی یەکلاکەرەوەی نێڵسن ماندێلا (لە ئەفریقای باشوور)، جێری ئادامز (لە ئیرلەندای باکوور)، یاسر عەرەفات (فەلەستین)، ئارناڵدۆ ئۆتیگی (باسک) و کارلس پوگدیمۆنت (کەتەلۆنیا) کە لە پرۆسەى ئاشتی و چارەسەریدا رۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕا.
"بیر و رامانەکانی کاریگەری لە ناوچەکە دەکات"
ئینگڵس باسی ئەوەشیکرد، فیکر و بەرهەمەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نەک تەنها کاریگەری لە بزووتنەوەى ئازادیی کورد دەکات، بەڵکو هاوکات کاریگەریش لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بندەستەکان و پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکات و وتی، "هەر خۆی بەهۆی ئەوەى بەو رۆڵەى ئەو دەزانرێت، عەبدوڵا ئۆجالان لە زینداندا گۆشەگیر کراوە، چونکە دەوڵەتی تورک لایەنگری ئاشتی و چارەسەری نییە".
ژ.ت