تەژەکە_ئە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە، داوا لە گەلەکەمان لە ئەوروپا دەکات لەماوەی نێوان ٢٧ ی نیسان بۆ ٩ ی ئایار بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
ژن ئەو هێزەیە کە فاشیزم دەبەزێنێت
لە ڕاگەیاندراوەکە تەژەکە_ئە هاتووە: «ڕۆژی ١٤ ی ئایار هەڵگری مانایەکی مێژووییە بۆ لەناوبردنی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، لە یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، ئەو ڕوانگەیەی دەوڵەتی تورکی هەڵدەوەشێننەوە کە بەندە لەسەر پەراوێزخستنی گەلان، بێگومان هێزی سەرەکی بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، ئێمەی ژنانین، تێکۆشانی ژنان ترسی خستۆتە دڵی ڕژێمی پیاوسالاری، لەوەش گرنگتر، ترسی خستۆتە دڵی ڕژێمی دیکتاتۆر ئەردۆگان. بۆیە ئەردۆگان و دەسەڵاتە فاشیستەکەی ئاکەپە و مەهەپە، هێرش دەکەنە سەر ژن و هەبوونەکەی، چونکە داخوازییەکان بۆ دیموکراسی و ئازادیی ژنان، بوێری بە کۆمەڵگە دەبەخشێت، لەم ڕووەوە، هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار زیاتر بۆ ئێمەی ژنان گرنگە، ستەمکاران بەرامبەر بەرخۆدانی ژنان دەدۆڕێن، بۆیە لەنێوان ٢٧ ی نیسان بۆ ٩ ی ئایار دەچینە سەر سندووقی دەنگدان و بە دەنگەکانمان فاشیزم دەڕوخێنین.
«بێگومان سەردەکەوین»
پێویستە هەموو دەنگدەرێک ڕووبکاتە سندوو قەکانی دەنگدان، ئێمەی ژنان، دەبێت دووبارە ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆمان بگێڕین، هەمدیسان ببینە ئومێد و ڕووناکی، بێگومان سەردەکەوین؛ ئەم سەدەیە، سەدەی ئێمەی ژنە».
ف.ق