وڵاتپارێزی ئێزدی خەبات ئاگرمان گیانی لەدەستدا

ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی، خەبات ئاگرمان (٥٧ ساڵ) بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستدا.

خەباتکاری دەیان ساڵەی جڤاکی ئێزدی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی خەبات ئاگرمان لە دوورەوڵات بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستدا.

بۆ خەبات ئاگرمان لە ماڵی ئێزدیان لە شاری سولینگن پرسە دانرا. پرسەکە ئەمڕۆ دەستی پێ کرد و تا دووشەممە بەردەوامە.

تەرمەکەی لە ٢٤ ی ئەیلول لە زێدی خۆی لە گوندی باجینی بەخاک دەسپێردرێت.

خەبات ئاگرمان لە ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی باجینی لە ناوچەی مێردین لەدایکبوو، بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئاوارە بوو.

لە تەمەنی ٩ ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ئەوروپا کرد، لە ١٢ ساڵی لەنێو جڤاکی خۆی و لەنێو تێکۆشانی ئازادیی کورد دەستی بە تێکۆشان کرد.  

دەیان ساڵ بەبێ پسانەوە بۆ ئازادی و هاوپەیمانیی جڤاکی ئێزدی و گەلی کورد تێکۆشا. هاوکات لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی تەلەفزیۆنی چرا تیڤی ڕەنجێکی مەزنی دا. لەگەڵ پێشکەشکردنی بەرنامەی " Hûr û Kûr "، چەندین کاری بەنرخی ئەنجامدا.