ئامینە شەنیاشار: بنەماڵەکەمیان کوشت و تۆماری کامێراکان دەشارنەوە

ئامینە شەنیاشار بەردەوامە لە تێکۆشانی ئێشکگرتنی دادپەروەری لە ڕۆژی ٨٣٠ لەبەردەم دادگای ڕحا، دەڵێت: "بنەماڵەکەمیان کوشت، تۆماری کامێراکان دەشارنەوە، حکومەت چۆن ئەمە پشتگوێ دەخات؟".

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. ئەمڕۆ لە سێیەم ڕۆژی جەژنی قوربان، ئامینە شەنیاشار لە ٨٣٠ هەمین ڕۆژی چالاکییەکەی بەردەوام بوو. 

ئامینە شەنیاشار دووپاتی کردەوە، چالاکییەکەی شەش جەژنە بەردەوامە و گوتی: "بنەماڵەکەمیان کوشت، تۆماری کامێراکان دەشارنەوە، حکومەت چۆن شتێکی وەها پشتگوێ دەخات؟ بە ئاشکرابوونی ئەم تۆمارانە ڕاستییەکان دەردەکەون، با بکوژان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت".