ئایگوڵ: ئەم وڵاتە وەک دۆزەخە بۆ رۆژنامەوانان

رۆژنامەوان سینان ئایگوڵ ئاماژەی بە ئاستەنگ و رێگرییەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی لە تورکیا و کوردستان کرد و وتی، "بەداخەوە ئەم وڵاتە وەک دۆزەخی لێهاتووە بۆ رۆژنامەوانان".

رۆژنامەوان سینان ئایگوڵ لە ناوچەی تاتوانی بەدلیس دوای ئەوەی هەواڵی لەبارەی گەندەڵییەکان و فرۆشتنی زەوی لە لایەن سەرۆک شارەوانی ئاکەپەیی، بڵاکردبووەوە هێرشی کرایە سەر. دوای هێرشەکە، پاسەوانی سەرۆکی شارەوانی یوجەل بایسال و پۆلیس ئەنگین کاپڵان بەهۆی ناڕەزاایەتی زۆر و بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی ئەو پەلامارەوە دەستگیرکران، هەردوو هێرشبەرەکە لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی 'بریندارکردنی مرۆڤ بە چەک' زیندانی کران.

'بێدەنگ نابین'

رۆژنامەوان سینان ئایگوڵ کە ماوەیەکی زۆر لە بارە گەندەڵی، پێشێلکاری و دزی لە تاتوان هەواڵ ئامادە دەکات، باسی لەوەکرد کە وەک هاوڕێیانی دیکەی رۆژنامەوانی کە هەواڵی بەم جۆرە ئامادە دەکەن هەڕەشە لەویش دەکرێت.

ئایگوڵ رایگەیاند، کە تەندەری فرۆشتنی ماڵەکانی شارەوانی بەردەستە، ئەو مامەڵەیە نایاساییە، و وتی، "پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا وەک ئەوە وابوو کە من باسم کردبوو. لەوێدا لادان و پێشێلکارییەک هەبوو. من ئەو کردەوە نایاساییەم شەرمەزار کرد، لەبەر ئەوەش پشوودرێژیان نەما. من رۆژنامەوانێکی بەو جۆرە بووم کە بەردەوام دەکرامە ئامانج. ئامانجی هێرشەکە و ئەو پەیامەی لە رێگەی ئەو هێرشەوە گەیاندیان ئەمە بوو: ' ئێمە دزی و گەندەڵی دەکەین، بەڵام نابێت کەس قسەی لەسەر بکات'. من لە پەیامەکە تێگەیشتم، باشتر کاری رۆژنامەوانی دەکەم. زۆر بە بەهێزی دەیکەم، ئەو هێرشە بۆ بێدەنگکردنمان بوو، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین. ئێمە زیاتر دەنگ هەڵدەبرین و درێژە بە کارەکەمان دەدەین".

دەبێت مرۆڤ لە پشتی پەردەی ئەو رووداوە بڕوانێت

ئایگوڵ ئاماژەی بەوەکرد کە تاتوان شوێنێکی بچوکە، ئەو رۆژنامەنوسێکی ناراوە لەوێ و وتی، "سەرباری ئەوەش توانیبوویان هێرش بکەن. تائێستا زۆر هەواڵی گەورەترم لە سەر گەندەڵی ئامادەکردووە، لەلایەن زۆر کەسەوە رووبەڕووی کێشە بوومەوە، بەڵام تائێستا کەس نەیوێرابوو کە بەم جۆرە بجوڵێتەوە. بەشی دووەمیش ئەو مرۆڤانەن کە گەرەنتیان بە مرۆڤانە داوە. بەڵێنی 'ئێوە بیکەن کەس دەستتان لێنادات'یان بەو هێرشبەرانە دابوو. دەبێت مرۆڤ بەم جۆرە هەڵیبسەنگێنێت".

'هێرشەکە بە مەبەستی کوشتن بوو'

ئایگوڵ دەستنیسانی کرد کە هێرشەکە بۆ چاوترسێن کردن نەبوو، لە شێوازی هێرشەکەش دەزانرێت کە بۆ کوشتن بووە و وتی، "لە دواوە بە ئاسن لە سەری منیاندا. واتە بە مەبەست بە چەکەوە چاودێریان کردم و بە شێوەیەکی رێکخراو هەوڵیاندا بمکوژن. هەوڵێک نەبوو بۆ چاوترسێنکردن، بەڵکوو بۆ کوشتن بوو. هەوڵێکی ئاسایی نەبوو، پلانێک بۆ کوشتن بوو. ئەم هێرشە دوای هەواڵێکی ئەم دواییەی من بوو لە بارە شارەوانیەوە. دوای ئەوەی هەواڵەکەم ئامادە کرد، پاسەوان، کەسوکار و شارەوانی هێرشیان ئەنجامدا. دیارە لە پشت ئەو هێرشەوە زۆر کەسی دەستڕۆیشتوو هەن کە یەک لە هێرشبەرەکان پۆلیسە، ئەوەی دیکەش کارمەندی شارەوانیە. ئەو کەسانە ژیان و کارەکەیان خستە مەترسیەوە و هێرشیان ئەنجامدا. واتە ئەو کەسەی لە پشت ئەم هێرشەوەیە گرنگە. ئێمە ئەو کەسە ئاشکرا دەکەین".

'ئەم وڵاتە بۆ رۆژنامەوانان وەک دۆزەخی لێهاتووە'

ئایگوڵ رایگەیاند لە تورکیا ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن رووبەڕووی کێشەی گەورەبوونەوە و وتی، "کێشەکە تەنیا هی ئەم ماوەیەی رابردوو نییە. لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا کێشەی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین سەریهەڵداوە. ئەو یاسایانەشی بۆ رۆژنامەنوسان و پەیامنێران ئامادە دەکرێن، لە دژی رۆژنامەوانانە. دەیانەوێت راگەیاندن سنووردار بکەن، بیخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، سانسۆر بکەن".

ئایگوڵ رایگەیاند لە تورکیا و کوردستان کاری رۆژنامەوانی زۆر مەترسیدارە و وتی، "لە مێژووی راگەیاندنماندا دەیان هەڤاڵمان شەهیدبوون. بە سەدان هەڤاڵمان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە. بە سەدان هەڤاڵیشمان تائێستا لە زینداندان. ناکرێت مرۆڤ لێرە باس لە ئازادی کاری راگەیاندن بکات. ئەم وڵاتە بە داخەوە بۆ رۆژنامەوانان وەک دۆزەخی لێهاتووە".

هـ . ب