ئەبرو گونای: ئێمە بە توندی دژی گۆشەگیری و شەڕ دەوەستینەوە!

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە وتی: "نابێت لە دژی گۆشەگیری بێدەنگ بین، ئەمە نایاساییە، جۆرێکە لە فاشیزم و چەوساندنەوە، ئێمە بە توندی لە دژی ئەوە دەوەستینەوە".

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە نوسینگەی پشتگیریی ناوەندی گشتی دەبەپە لە ئامەد کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی هەفتانەی ئەنجامدا.

ئەبرو گونای لە سەرەتادا ٨هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی و فەرمانی سەر شەنگال شەرمەزار کرد و وتی: "ئەگەر کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجام درابێت، ئێمە دەزانین لە پشت ئەو عەقڵییەت و مێشک و هێزە تاریکەوە داگیرکەر هەبوو".

'بە دڵنیاییەوە ئێزدیەکان بەهێزتر دەبن'

گونای ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێرشەکانی سەر ئێزدیەکان بەردەوامە و وتی: "داعش تێکشکێندراوە، بەڵام هێرش و کوشتار بۆ سەر خەڵکی ئێزدی بەردەوامە، بۆیە بوون، ڕێکخستن و ناسنامەی خەڵکی ئێزدی نکۆڵیی لێ دەکرێت و پاساو بۆ هێرش و کوشتارکردنیان دەهێنرێتەوە، لەبەر ئەوەش خەڵکی ئێزدی، کە هەزاران ساڵە سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێک بوونی خۆیان پاراستووە، وەک ڕاستی ئەم خاکە بەردەوام دەبن".

بانگکردن بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکان و چالاکییەکان

هەروەها ئەبرو گونای لە درێژەی لێدوانەکەیدا هێرش و گوشارەکانی سەر هەدەپەی بەبیرهێنایەوە و وتی: "پارتەکەمان بە دروشمی "چارەسەر لەگەڵ ئێمەیە، نەخێر بۆ شەڕ و داگیرکاری" لە ٦ی ئاب لە ئامەد و ٧ی ئاب لە ئیستەنبووڵ گردبونەوەی جەماوەری ساز دەکات. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین، کە بە بەهێزترین شێوە بەشداری ئەم گردبونەوانە بکەن و با پێکەوە بڵێین، کە ئێمە چارەسەرین و لە بەرامبەر شەڕ و داگیرکاریدا بوەستینەوە.

'ئێمە لە دژی گۆشەگیری و شەڕ دەوەستینەوە'

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە ڕایگەیاند، لە رێگەی ئەم گردبونەویەوە لە دژی سیاسەتی گۆشەگیری و شەڕ دەوەستینەوە و وتی، "ساڵانێکە ڕێگە بە خانەوادە و پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان و سێ زیندانیی دیکە نادرێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، ئەوە پێشێلکردنی هەموو یاسا جیهانی و نێودەوڵەتی و مرۆیی و تەنانەت یاساکانی تورکیاشە و ئەو هەموو پێشێلکارییە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت. ئەکتەرێکی سیاسی کە پێشنیار و پڕۆژەی چارەسەریی بۆ تورکیا هەیە لە دوورگەیەکدا زیندانیکراوە و بە شێوەیەکی چەتەگەریانە پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەموو جیهاندا بڕاوە. وەک درێژەپێدانی ئەم سیاسەتە ئێستا هەوڵ دەدەن پەیوەندی کورد لەگەڵ ڕۆژئاوا و هەرێمی فیدراڵی کوردستان بچڕێنن، واتە هەوڵ دەدەن بە گۆشەگیرکردن کۆمەڵگەیەک گۆشەگیر بکەن، بۆیە ئەستەمە ئێمە لە دژی گۆشەگیریی ئیمرالی بێدەنگ بین، ئەمە نایاساییە، جۆرێکە لە فاشیزم و چەوساندنەوە، ئێمە بە توندترین شێوەیە لە دژی ئەوە دەوەستینەوە".

ژ.ت