کۆنفرانسی جیهانیی گەنجان کە لەلایەن ٩٥ بزووتنەوە و ڕێکخراوی گەنجانەوە لە پاریس ئەنجامدرا، لە ٣ هەمین ڕۆژدا، بە ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگایەک کۆتایی هات.
"گەنجێتی گەڕانە بەدوای حەقیقەت"
لە پەیڕەو و هەڵوێستەکانی نێو نەخشەڕێگای تۆڕی گەنجان مێژوو دەنووسنەوە، هاتووە:
"وەک گەنجانی جیهان، هەروەها مرۆڤایەتی بە گشتی، ئەمڕۆ لەبەردەم سەختترین قەیرانی سیستماتیکیداین. کارەساتی ئیکۆلۆژی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە خراپترە، شەڕ لە هەموو شوێنێکدا دەقەومێت، نەتەوەپەرستی و بزووتنەوەی فاشیستی بە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە. سیستەمی قووڵی سەرمایەداری بۆ تێرکردنی برسێتییەکەی بۆ قازانجی زیاتر، ژینگە وێران دەکات و مرۆڤایەتی لە بنەڕەتەکانی ژیانی بێبەش دەکات. دەرئەنجامەکانی ئەمە لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، هەم لە ژیان و هەم لە دەوروبەرماندا: گۆشەگیری جڤاکی، کوشتنی ژنان، هەژاری، ئازار، توندوتیژی و کارەساتی سروشتی. ئێمە لە دونیایەکی پڕ لە کارەسات و بەڵای سەختدا دەژین، بەڵام ئەو واقیعەی ئێستا کە دەخرێتە پێشمان قبوڵی ناکەین. ئەمڕۆ گەنجانی جیهان خۆیان ڕێکدەخەن و بۆ داهاتوویەکی باشتر تێدەکۆشن. گەنجێتی بۆ ئێمە واتا گەڕان بەدوای حەقیقەت و گەڕان بەدوای جیهانێکی تر و داهاتوویەکی ئازاددا. ئێمە دڵنیاین کە دەگەینە ئەم ئامانجە. ئەگەر ئێمە لەم قەیرانەدا دەستوەردان نەکەین، کێ دەستوەردان دەکات؟ ئەگەر ئێستا دەست پێ نەکەین کەی دەست پێ بکەین؟ لەسەر ئەو بناغەیە، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "گەنجان مێژوو دەنووسنەوە" کۆبووینەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی تێکۆشانی هاوبەش لەسەر بناغەیەکی هاوبەش.
خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردن مافی هەمووانە
ئێمە دەمانەوێت پێکەوە وتوێژ بکەین، خۆمان پەروەردە بکەین و خۆمان ڕێکخستن بکەین، بۆیە وەک ٤٠٠ گەنج لە ٤٠ وڵات و ٩٥ ڕێکخراو و بزووتنەوە و پارت، دووپاتی دەکەینەوە:
1- چارەسەری قەیرانی ئێستای جیهانی دەتوانرێت لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداری و بە بنیاتنانی جیهانێکی نوێ و دیموکراتیک و دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت.
2- پێویستمان بە یەکگرتوویی هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیک و دژە سیستمەکانە لەسەر ئاستی جیهان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. ئێمە وەک "گەنجان مێژوو دەنووسنەوە" لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی یەکتر بۆ دەوڵەمەندی و فرەچەشنی ڕێ و ڕێبازی ڕێکخستن و تێکۆشان و نەریتە سیاسییەکانمان خەبات دەکەین. کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی هەموو ئەو تێکۆشان و بەرخۆدانانەی لە جیهاندا لە ناکۆکییەکی بنەڕەتیدان لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتدار.
3- پەیڕەوی سەرەکی ڕێکخستنی ئێمە لەنێو 'یەکێتی لە فرەچەشنیدا' خۆی دەبینێتەوە. سەرنجی ئێمە لەسەر پەیڕەو و ئامانجە هاوبەشەکانمانە و خاڵی هاوبەشی سەرەکیمان دژایەتیکردنی سەرمایەدارییە. لە هەمان کاتدا بوار بۆ جیاوازی و تێڕوانین و میتۆدی جیاواز لە تیۆری و پراکتیکدا دەهێڵینەوە.
4- پراکتیکی هاوبەشمان لەسەر بناغەی ئەنتەرناسیۆنالیزم پێشدەکەوێت. دەزانین لە ڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشی هەموو گەلانی چەوساوە و ئازادیخوازەوە دەتوانرێت جیهانێکی دیکەی ئاشتیخواز پێشبکەوێت. ئێمە یەکگرتوویی گەلان بە بەهایەکی بنەڕەتی دەستپێشخەرییەکەمان دەبینین.
٥- دژی هەموو جۆرە ستەمێک، دژی سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم، کە جڤاک دابەش دەکات لەسەر بناغەی هەوڵێکی ساختە بۆ "ئازادی" پەرە بە تاکگەرایی دەدات، دژی پیاوسالاری و تاڵانکردنی سروشت، لەناوبردنی ژینگە، تێکۆشان دەکەین. ئێمە پێکەوە دژی زایەندپەرستی و نەژادپەرستی و هەموو جۆرە ستەمێک لەسەر بناغەی ڕەگەز و ناسنامە و ئایین و زمان و نەتەوە دەوەستینەوە.
٦- تێکۆشانی یەکگرتوو دەکەین دژی هەموو جۆرەکانی داگیرکاری و چەوساندنەوە. هەموو جڤاکێک مافی ڕەوای خۆپاراستنی هەیە. لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە ئەرکە سەرەکییە ئینتەرناسیۆنالیستەکانی گەنجان، تێکۆشانی مەزنە بۆ وەدەرنانی ئیمپریالیستەکان لە وڵاتەکانمان. مافی هەموو گەلێک بۆ خۆبەڕێوەبەری دەپارێزین و پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو و بەتایبەتی گەلی فەلەستین و تەڤگەری ئازادی کوردستان دەردەبڕین.
7- ئێمە فاشیزم وەک دوژمنی سەرەکی مرۆڤایەتی دەناسێنین و گەشەی بزووتنەوە فاشیست و پاشڤەڕۆکان بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ژیانێکی ئاشتیانە و ئایندەی جڤاکەکەمان دەبینین. وەک دەستپێشخەری "گەنجان مێژوو دەنووسنەوە" بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لەگەڵ هەموو تێکۆشانە دژە فاشیستەکان دەوەستین.
8- گەنجان لە هەر جڤاکێکدا دینامیکترین بەش و هێزی گۆڕان و گۆڕانکارین. مسۆگەرکردنی نوێبوونەوەی تێکۆشان و بزووتنەوەکانمان، لە ڕێگەی خۆڕێکخستنی گەنجانەوە لەسەر بناغەی ئیرادە و هێزی سەربەخۆیان ڕێی تێ دەچێت.
9. ئێمە بە توندی لە تەنیشت گەلانی تێکۆشەر دەوەستینەوە و پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکان دەردەبڕین. هەرێمە ڕزگارکراوەکان و هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان لە ئابیە یالاوە تا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال، چیا ئازادەکانی کوردستان، قەڵای بەرخۆدانی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی و دژە ئیمپریالیزم لە ئاسیا و هەروەها ڕزگاری نەتەوەیی لە ئەوروپا و تێکۆشانی بەردەوام دژی کۆلۆنیالیزم و کۆلۆنیالیزمی نوێ لە ئەفریقا وەک بەرەی پێشەوەی مرۆڤایەتی ئازاد حساب دەکەین. پاراستنی دەستکەوتەکانی تێکۆشانەکان، هەروەها پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە.
10- کاتێک لە لایەک دەسەڵاتدارانی دونیا بەشێوەیەکی هەماهەنگ هەنگاو لەدژمان دەهاون، زانیاری و هەواڵگری لەگەڵ یەکتردا هاوبەش بکەن بەمەبەستی نەهێشتنی تێکۆشانی ئازادی و لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کاردەکەن بۆ سڕینەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێڕەکان، کەچی زۆرجار بزووتنەوەکانمان بە جیا و پارچە پارچە خەبات دەکەن. دەسەڵات سەرەڕای هەموو ململانێی نێوان خۆیان لەم چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی هەماهەنگ مامەڵە دەکەن، بۆیە پشتیوانی و هاودەنگی نێونەتەوەیی بۆ ئێمەش مەرجێکی بنەڕەتییە. لە هەر شوێنێک بزووتنەوەکانمان لەژێر هێرشدا بێت، پشتیوانی یەکتر دەکەین. کار بۆ ئازادی هەموو زیندانیانی سیاسی شۆڕشگێڕ دەکەین. لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، کە 10ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکردووە، بەشداری و پشتیوانی داواکارییەکانی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەکەین.
ژیانێکی ئازاد بنیات دەنێین
لێرەوە، یەکگرتنمان لەسەر بناغەی ئەم ١٠ خاڵە دەبێت. ڕەنگە شێوازی بیرکردنەوەمان و ڕێبازەکانمان جیاواز بن. هەروەها چاند و زمانەکانمان جیاوازن. هەندێکمان لە بزووتنەوەی گەورەوە هاتووین، هەندێکمان لە بزووتنەوەی بچووکەوە. بەڵام ئێمە جیاوازییەکانمان وەک بەربەست نابینین. ئێمە ڕەنگاوڕەنگیمان بە سەرمایەیەکی گرنگ دەزانین. لەسەر ئەم بناغەیە دەمانەوێت گفتوگۆکانمان پەرە پێبدەین و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرین و شتی نوێ لە یەکتر فێربین و هێزمان زیاد بکەین. جیاوازیەکانمان هێزی ئێمەیە، نابێتە هۆی لاوازیمان، هێزمان پێدەبەخشێت لەسەر ڕێگای هاوبەشمان. لە بنەڕەتەدا لە دژایەتیمان بەرامبەر سەرمایەداری و پێداگریمان لەسەر مرۆڤایەتی تەباین. لە بەرامبەر قەیرانی سیستەم و گەشەی شەڕ و کارەساتی ئیکۆلۆژی و کۆیلەکردنی ژنان و سیستەمێک کە دەیەوێت مافی ژیانی شکۆدارمان لێ بسەنێتەوە، نابێ جیاوازییەکانمان ببێتە بەربەست. وەک گەنجانی ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی مێژوویمان لەئەستۆیە. چاوەڕێی ئایندە ناکەین، ئەمڕۆ ژیانێکی ئازاد بنیات دەنێین. پێداگرین لەسەر بەرزکردنەوەی تێکۆشان.
بنیاتنانی ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ، لەناوبردنی سەرمایەدارییە
جیهان و مرۆڤایەتی پێویستی بە گەنجێتییەکی خاوەن ئیرادە و هێز و ڕێکخستن و باوەڕبەخۆبووی ڕادیکاڵ هەیە. کێشەکانی ئێستا لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا چارەسەر ناکرێن، گەڕان بە دوای چارەسەر لە چوارچێوەی سیستەمدا هیچ سوودێکی نییە. سەرمایەداری مرۆڤایەتی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون. هەبوون و ژیانی ئێمە بە لەناوبردنی سەرمایەداری و بنیاتنانی ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ و جیهانێکی ئەڵتەرناتیڤ ڕێی تێ دەچێت.
ئەو ئەنجامانەی لەم ڕەوشەی ئێستاوە بەدەستی دەخەین بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببینە هێزێکی ڕێکخراو. یەکگرتوویی ڕۆح و هێزی گەنجان پێویستە بۆ تێکۆشانی ئازادی لە هەموو جیهاندا. ئەگەر لە ساڵی ١٨٤٨ مانیفێستی کۆمۆنیست، کە هێشتاش کاریگەری لەسەر مرۆڤایەتی هەیە، بانگی دەکرد: "کرێکارانی جیهان یەکبگرن!"، ئەوەتا ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە.
خاوەندارێتی لەم میراتە بکەن و بانگەواز بکەن: 'گەنجانی جیهان یەکبگرن و پێکەوە ئەم جیهانە بگۆڕن!"