ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی سەدە بەڕێوەدەچێت

ئەم هەڵبژاردنە لە دوای ٢١ ساڵ لە دەسەڵاتی ئاکەپە بە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ پێناسە کراوە و ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. لە تورکیا نزیکەی ٦١ ملیۆن دەنگدەر دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی پەرلەمان دەدەن.

ئەم هەڵبژاردنە لە دوای ٢١ ساڵ لە دەسەڵاتی ئاکەپە بە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ پێناسە کراوە و ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. لە تورکیا نزیکەی ٦١ ملیۆن دەنگدەر دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی پەرلەمان دەدەن.

ئەمڕۆ لە تورکیا و کوردستان ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار و ٨٤٣ دەنگدەر دەنگ دەدەن. بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمانتاران) هەڵدەبژێرن. دەنگدان کاتژمێر ۸:۰۰ ی بەیانی بۆ ۱۷:۰۰ ئێوارە ئەنجام دەدرێت.

بۆ یەکەمجار ٤ ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەر دەنگ دەدەن. لە زیندانەکاندا ٥٣ هەزار و ١٧٢ کەس دەنگ دەدەن.

دەنگدەران دەتوانن بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی، کە ژمارەی ناسنامەی کۆماری تورکیای لەسەر بێت.دەنگ بدەن.

مەرج نییە بۆ بەکارهێنانی دەنگ هیچ بەڵگە و پەڕەی زانیاری دەنگدەر پیشان بدرێت.

ئەو دەنگدەرانەی، کە دەستیان بە بەڵگە و پەڕەی زانیاری دەنگدان نییە، دەتوانن لە ماڵپەڕی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە ئەو زانیارییە بە دەست بهێنن، کە لە چ سندوقێک دا دەنگ بدەن.

دەنگدان لە گومرگەکان تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام دەبێت.

هەروەها دەنگدان لە دەرەوەی وڵات ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی هات. دەنگی دەنگدەرانی دەرەوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا و ڕادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کراون.

سێ کەس کاندیدن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرنجی هەموان لەسەر سێ کاندیدە، کە بریتین لە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کەمال قلیچدارئۆغڵو و سینان ئۆگان. موحەڕەم ئینجە ناوی لەسەر کاغەزی دەنگدان بۆ سەرۆک کۆماری هەیە، بەڵام ئینجە ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی کشاوەتەوە.

لیست و لایەن و هاوپەیمانییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکان

٢٤ پارتی سیاسی و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ بۆ بوونە ئەندام لە پەرلەمانی تورکیادا بەشدارییان لە پێشبڕکێی هەڵبژاردندا کرد. هەروەها ٥ هاوپەیمانیی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، کە گرنگترینەکانیان بریتین لە:

پارتی چەپی سەوز و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) بە ناوی 'هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی' بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

هاوپەیمانیی میلەت پێکهاتون لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سعادەت، پارتی گەلەجەک (ئایندە)، دەڤاپارتی (پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن) و پارتی دیموکرات.

هاوپەیمانی جمهور پێکهاتوون لە ئاکەپە، مەهەپە و بەبەپە و رەفاهی نوێ و هەروەها هوداپار لەسەر لیستی ئاکەپە بەشداریی لەو هاوپەیمانییەدا کردووە.

قەدەغەکارییەکانی کاتی هەڵبژاردن

دەنگدان لە کاتژمێر ۱۷:۰۰ کۆتایی پێدێت. دواتر تا کاتژمێر ۱۸:۰۰. پێدانی زانیاری، یان شیکارکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قەدەغە دەکرێت. دواتر لە کاتژمێر ۱۸:۰۰ زانیاری لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە. دوای کاتژمێر ٢١:٠٠ ئەنجامەکان لە لایەن میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەپێی بارودۆخەکەش دەتوانێت پێش کاتژمێر ٢١:٠٠ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بڵاو بکاتەوە.

ئەمڕۆ ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن و یەکلایی دەبنەوە، بەڵام ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا هیچ یەک لە کاندیدەکان سەرنەکەوتن و نەیانتوانی لە سەدا ٥٠ زیاتر دەنگ بە دەست بهێنن، هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری دەچێتە خولی دووەمەوە و خولی دووەمیش لە ٢٨ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت