ئەندامانی سەمەژێ لە ئێشکگری ئازادی: بێ ڕێبەرێتی ژیان نابێ

ئەندامانی سەمەژێ لەو شوێنەی کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی لێیە، ٦١٤ هەمین هەفتەی ئێشکگری ئازادیان ئەنجامدا و گوتیان: "تا ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان، تێدەکۆشین، چونکە بەبێ ڕێبەر ژیان نابێ".

ئێشکگری ئازادی کە لە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ـەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیری ئەنجام دەدرێت، لە هەفتەی ٦١٤ هەمیندا بەردەوامە.

چالاکییەکە هەر هەفتەیەک لەلایەن گرووپێک لە وڵاتێکی جیاوازی ئەوروپاوە بەڕێوەدەچێت، ئەم هەفتەیە ٥ نوێنەری ڕێکخستنی چەتری مەجلیسی ژنانی ئێزدی (سەمەژێ) لە ئەڵمانیاوە چالاکییەکەیان گرتە دەست.

وتەبێژی گرووپەکە، نورێ ئالکیش لە کەسێتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەرخۆدەرانی زینداندا سڵاوی کرد و بیری هێنایەوە کە دوێنێ لە تورکیا و کوردستان هەڵبژاردنێکی مێژوویی ئەنجامدراوە و گوتی: "سڵاو لە ئیرادەی کورد لەسەر بناغەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو هەڤاڵە هەڵبژێراوەکان دەخوازین".

نورێ ئالکیش ڕایگەیاند بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لێرەن و گوتی: "ڕێبەرمان ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی سەختدا زیندانیکراوە. ئەمە ئاسایی نییە، ئێمە ئەو وەک کەسێک نابینین. فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و ئیرادەی ژنی ئازادە، بناغەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە کە هەموو ژنانی جیهان خۆیانی تێدا دەبیننەوە. بەم ئامانجەوە وەک چەتری مەجلیسی ژنانی ئێزدی ئەمەمان کردۆتە ئەرکی خۆمان، لەم گۆڕەپانە بۆ ئازادی ڕێبەرمان هاوار دەکەین. دەڵێین، بێ سەرۆک ژیان نابێ، ژن ژیان ئازادی".