ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئێزدیی و فەیلییەکان ئاشکراکرا

کۆنفرانسی ‘بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی’ کۆتاییهات و ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە، کە لە ١٧ خاڵ پێکهاتووە و جەخت لە پێویستیی برەودانی زیاتر بە کاری هاوبەش دەکات لەپێناو پاراستنی پێکهاتە ڕەسەنەکانی عێراق و دابینکردنی مافەکانیان.

کۆنفرانسی ‘بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی’ لە بەغدا کۆتاییهات و شێخ سەمیر دەروێش، کەسایەتیی ئێزدیی ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا خوێندەوە.

دەقی ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ‘بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی’:

یەکەم: تێکۆشان لەپێناو بەهێزکردنی هەبوونی سیاسیی و  کۆمەڵایەتیی و کلتووریی هەردوو پێکهاتەی فەیلی و ئێزدیی.

دووەم: یەکگرتوویی و سەربەخۆیی وتار و بڕیاری سیاسیی.

سێیەم: بەفەرمیی دان بە بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا بنرێت.

چوارەم: دانپێدانان بە هێرشەکانی تورکیا بۆ شەنگال و دەوروبەری وەک درێژەپێدان بە هێرشەکانی داعش و دەوڵەتی عوسمانیی بۆ کۆمەڵکوژکردنی پێکهاتەکان و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق.

پێنجەم: ئیرادەی پێکهاتەکان ڕەچاوبکرێت و گەرەنتیی نوێنەرایەتییان بکرێت لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەبێ جیاوازیکردن.

شەشەم: ڕێزگرتن لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ژمارە ٤٣، کە لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ دەرچووە، لە هەمان کاتتدا هۆشداریی دەدەین لە دزین و بەلاڕێدابردنی ئەو بڕیارە مێژووییەی دادگا، وە سەپاندنی بۆ بەرژەوەندیی هێزی سیاسیی دیکە قبوڵ ناکرێت، کە یاریی بە مافی پێکهاتەکان دەکات.

حەوتەم: دانپێدانان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، بۆ پاراستنی کەلتوور و بیروباوەڕ و جوگرافیای ئێزدیی و بکرێتە بناغەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئێزدییەکان، وە هەل بڕەخسێندرێت بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتن و دابینکردنی خۆپاراستن بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.

هەشتەم: ڕێگەبدرێت کە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال سوود لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی سوودی لێ ببیندرێت لە بوارەکانی فێرکردن و خزمەتگوزاریی و ڕەخساندنی هەلی کار.

نۆیەم: کارکردن لەسەر بنیادنانەوەی ناوچە خاپووربووەکانی فەیلیی و ئێزدیی و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، وە دوورخستنەوەی ململانێی حزبیی و ڕێککەوتنە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش.

دەیەم: ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی شەنگال و دان بەوەدا بنرێت، کە ئەو ڕێککەوتنە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئێزدیی ناکات.

یازدە: هەوڵ بدرێت لەپێناو گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵانی ڕفێندراوی ئێزدیی و دامەزراندنی سەنتەرێکی سەرلەنوێ ڕاهێنان و پەروەردەکردن.

دوازدە: ڕاوەستان لە بەرامبەر هەموو ئەو هەوڵانەی کە هەوڵ دەدەن ناسنامەی شوێنەوارەکانی ئێزدیی و فەیلییەکان بگۆڕن، هەروەها لەلایەن هەرسێ دەسەڵاتی عێراقەوە چاودێریی بکرێت.

سیازدە: ڕێگەکردنەوە لە بەرامبەر کۆمەڵگای کوردی فەیلیی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق، بۆ ئەوەی خۆیان بنیاد بنێنەوە و ئیرادەی ناوخۆییان لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بەهێزکردنی سیستمێکی نامەرکەزیی، وە هەروەها کاربکرێت بۆ بنیادنانی بناغەی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی، کە هەل بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدان و گەرەنتیی خۆپاراستنی بۆ بکرێت.

چواردە: ئەم کۆنفرانسە دەبێتە بەردی بناغە بۆ کاری هاوبەش لەنێوان تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی عێراق.

پازدە: کارکردن بۆ پاراستنی ئەو کلتوور و زمانەی تەواوی پێکهاتەکان بەهەموو شێوەزارەکانییەوە، لە دەستووری عێراقدا.

شازدە: پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن، کە ئازادیی ژن ڕۆڵێکی میحوەرییە بۆ هەر گۆڕانکارییەکی  کۆمەڵایەتیی و چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش و بەدیهێنانی سەقامگیریی، بۆ ئەوەش پێویستە ژنان لە تەواوی کاروبارەکاندا ڕۆڵی خۆیان زیاد بکەن، وە داواش لە ژنانی تەواوی پێکهاتەکان دەکەین، کە تێکۆشانی ژنان یەکبخەن و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.

حەڤدە: دروستکردنی لیژنەیەک لە هەردوو پێکهاتە، بۆ چاودێرییکردنی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە.

ف.ق