ئەنتۆنیۆ گوتێرێز داوا لە ووڵاتان دەکات چەتەکانی داعش و کەسوکاریان لە سوریا بگەڕێننەوە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتێرێز داوا لە ووڵاتان دەکات چەتەکانی داعش و کەسوکاریان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای کوردستان) بگەڕێننەوە.

لە کۆنفرانسێکدا لە بارەی تورکیا کە لە ئەمریکا ئەنجامدرا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە عێراق دەکات لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆڵ و زیندانەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و داوا لە وڵاتانی بیانی دەکات، ئەوانیش پەلە بکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بکەن.

گوتێرێز رۆژی دووشەممە لە نیویۆرکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکدا لە بارەی تیرۆر ووتی: "دەستخۆشی لە عێراق و وڵاتانی دیکە دەکەم کە هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکانی باکورد و رۆژهەڵاتی سوریا گەڕاندوونەتەوە و بانگەوازی خۆم دووپات دەکەمەوە بۆ ئەوەی هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو کارێکی لەپێشینە و بەپەلە یارمەتیدەر بن لە خێراکردنی گەڕاندنەوەی" چەکدارەکانی داعش و کەسوکاریان"ئەمە پەیوەندیی بە رەوشت و بەزەیی مرۆڤایەتییەوە هەیە، هەروەها پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە."

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێوانیشیاندا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە کە هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشن لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ساڵی ٢٠١٩ بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆز، سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا راگەیاند، زیاتر لە ١٠ هەزار چەکداری داعش و ٥٠ هەزار کەسوکاریان، ماوەی چەندین ساڵە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.

بەگوێرەی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ٣٧ هەزار کەسی بیانی لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژدان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش مەزەندە دەکات، چەکدارەکانی داعش پێکهاتوون لە پێنج هەزاری سوری، سێ هەزاری عێراقی و دوو هەزاری بیانی.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراشی کرد: "لقەکانی قاعیدە و داعش لە ئەفریقا بە خێرایی لە شوێنەکانی وەک ساحل خاک بەدەستدێنن و بەرەو باشوور دەڕۆن بۆ کەنداوی گینیا،" هەروەها ئاماژەی بە "دڕندایەتیی" داعش لە عێراق و سوریا کرد.

گۆتێرێز هەروەها باسی لە بزووتنەوە فاشستەکان کرد و ووتی: "بزووتنەوەی نازییە نوێیەکان و سپیپێستە خۆسەپێنەکان بە خێرایی دەبنە هەڕەشەی سەرەکی سەر ئاسایشی نێوخۆی ژمارەیەک وڵات."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، هزروبیری پەڕگیری سوود لەو قەیرانانە دەبینێت کە بەرۆکی جیهانیان گرتووە، لە قەیرانی خۆراک و وزەوە تا دەگاتە گۆڕانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی رق و کینە لەسەر ئینتەرنێت.

گۆتێرێز پێیوایە دەبێت سەرنجیان لەسەر کاریگەرترین رێگە بێت "بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڕەشەیە، کە ئەویش خۆپاراستنە، خۆپاراستن تەنیا بە واتەی ئەوە نایەت هێرشەکان شکستیان پێ بهێنرێت و نەخشەڕێژییەکان پووچەڵبکرێنەوە، بەڵکو بە واتەی چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە بنەڕەتیانەیە کە دەتوانن لە پلەی یەکەمدا ببنە هۆی تیرۆر، وەک هەژاری، جیاکاری، ناڕەزایی، لاوازی ژێرخان و دامەزراوەکان و پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ."