ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا داوای قەدەغەکردنی "گورگە بۆرەکان"ی تورکیا دەکەن
حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا داوا دەکەن حکومەتی وڵاتەکەیان هەر وەک فەرەنسا "بزووتنەوەى گورگە بۆرەکان"، کە گروپێکی میلیشیایی نەژادپەرەستی دەوڵەتى تورکن، قەدەغە بکات.
حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا داوا دەکەن حکومەتی وڵاتەکەیان هەر وەک فەرەنسا "بزووتنەوەى گورگە بۆرەکان"، کە گروپێکی میلیشیایی نەژادپەرەستی دەوڵەتى تورکن، قەدەغە بکات.
بزووتنەوەى "گورگە بۆرەکان" گروپێکی نەژادپەرەستی تورکن و ساڵەهای ساڵە کاری توندوتیژی لە دژی کورد، ئەرمەن و یەهودییەکانی تورکیا ئەنجام دەدەن. گورگە بۆرەکان لەمساڵانەى دوایدا وەرسوڕاون بۆ گروپێکی میلیشایی رژێمەکەى ئەردۆغان. وڵاتانی ئەوروپی چەندین ساڵ لە بەرامبەر تاوانەکان و نەژاپەرەستیی گورگە بۆرەکاندا بێدەنگ بوون.
لە چەند مانگی رابردوودا گروپە نەژادپەرەستەکان لە ئەوروپا زنجیرە هێرشێکیان بۆ سەر کوردان دەستپێکرد و لە فەرەنساش هەوڵیاندا گەلەکۆمەکی لە ئەرمەنییەکان بکەن، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی پاریس رۆژی چوارشەممە ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ لە بەرامبەر ئەو هێرشە نەژادپەرەستییانەدا بڕیاری جدیی وەرگرت. حکومەتی فەرەنسا بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا "گورگە بۆرەکان" هەڵبوەشێنێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لە ئەڵمانیاش بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو گروپە نەژادپەرەستە دەربکرێت.
ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا لە دژی گورگە بۆرەکان دەستبەکار بووە
حیزبی چەپ بە تایبەت لە ئەڵمانیا چەندین ساڵە هەوڵ دەدات کۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە رێکخستنی نەژاپەرەستی گورگە بۆرەکانی تورکیا قەدەغە بکات و لەم ساڵانەى دوایشدا حیزبی سەوزەکانی ئەڵمانیاش هەمان داوای بەرز کردەوە. بۆ ئەوەى بڕیارێکی وەک ئەوەى فەرەنسا لە ئەڵمانیا لە دژی گورگە بۆرەکان بدرێت، ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا دەستبەکار بووە.
بەپێی زانیارییەکان بۆ ئەوەى لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیادا بڕیارێکی هاوبەش بۆ قەەغەکردنی گورگە بۆرەکان دەربکرێت، حیزبی سەوز پرۆژە پێشنیازێکی ئامادە کردووە. جەم ئۆزدەمیر، ئیرنە میهالیک و کۆنستانتین ڤۆن نۆتز پەرلەمانتارانی حیزبی سەوز لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە تۆڕی هەواڵسازانی ئەڵمانیا (RND)یان راگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵ دەبێت رێکخستنە نەژادپەرەستە توندڕەوەکانی تورکی سەر بە گروپی گورگە بۆرەکان قەدەغە بکات.
"باڵی ئەردۆغانە لە ئەڵمانیا"
ئەو پەرلەمانتارانە رایانگەیاندووە، بزووتنەوەى گورگە بۆرەکان لە ئەڵمانیا "باڵی درێژی" رژێمی ئەردۆغانە و جگە لە ئەنجامدانی توندوتیژی چەندین تاوانی رق و نفرەت-یان ئەنجامداوە. پەرلەمانتارەکان داوایان لە حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل کرد، کە لە دژی ئەو گروپە بە خێرایی دەستبەکار بێت و رێوشوێن بگرێتە بەر. پەرلەمانتارەکانی حیزبی سەوز باسی ئەوەشیانکرد، ماوەیەک لەوە پێش لە پەرلەمانیش دەستیان بە هەمان هەوڵ کردووە بۆ ئەوەى ئۆپۆزسیۆن لەسەر پرۆژە یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی گورگە بۆرەکان بڕیار بدەن.
بزووتنەوەى گورگە بۆرەکان لە ئەڵمانیا لە ژێر چەتری فیدراسیۆنی کۆمەڵە تورکە نەتەوەپەرەستە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا (ADUTDF) خۆی رێکخستووە، کە ١٧٠ کۆمەڵە لە ژێر چەتری ئەو فیدراسیۆنەدان. چاوەڕێ دەکرێت ٧ هەزار نەتەوەپەرەست ئەندامی ئەو کۆمەڵانە بن، بەڵام بەپێی رێکخستنی چاودێریی دەستووری بنەڕەتیی ئەڵمانیا ژمارەیان زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەبێت. سەرباری ئەوەى دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا لە راپۆرتەکانیدا ئەو بزووتنەوە نەتەوەپەرەستانە و گورگە بۆرەکان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا دەزانێت، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا هیچ رێوشوێنێکی جدیی لە بەرامبەریاندا نەگرتووەتەبەر.
ژ.ت