ئەردۆغان پێش هەڵبژاردن لێخۆشبوونی بۆ 'حیزبوڵایەک'ی گەورە تاوانکار دەرکرد

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لێخۆشبوونی بۆ بەرپرسێکی سەربازیی حیزبوڵا دەرکرد، کە لە ئەنقەرە بە شێوەیەکی دڕندانە ٣ کەسی بە ئەشکەنجەدان کوشت و دواتر تەرمەکانیانی لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا کردبوو بە ژێر گڵەوە.

بە بڕیاری ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک، کە لە ڕۆژنامەی فەرمی دا بڵاوکرایەوە، هەر یەک لە محەمەد ئەمین ئالپسوی، کە لە چوارچێوەی کەیسی تاوانکاریی حیزبوڵادا سزای زیندانیی قورسی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو و گەورە ژەنەڕاڵ چەتین سانەر، کە لە چوارچیوەی دۆزی ٢٨ی شوبات (کودەتای چەکوش)دا سزای زیندانیی قورسی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا بوو، لێخۆشبوونی بۆ تاوانەکانیان و سزاکانیان دەرکرد.

 محەمەد ئەمین ئالپسوی، کە ئەردۆغان سزای زیندانی هەتاهەتایی لەسەر لابرد، دوای ئەوەی ٣ کەسی لە ئەنقەرە بە شێوەیەکی دڕندانە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتبوو، تەرمەکانیانی لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا شاردبوویەوە. ئالپسوی وەک 'بەرپرسی باڵی سەربازی حیزبوڵا' بڕیاری زیندانیکردنی قورسی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو.

هەروەها لەو بڕیارەی ئەردۆغان دا بکوژێکی تر بە ناوی نیهاد ئیلمان، کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست زیندانیکرابوو و هەروەها سەدات چەلیک-یش، کە بە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە زینداندایە، بەهۆی کەمئەندام بوونیانەوە سزاکانیانی لەسەر لابرد.

ژ.ت