چالاکی ئێشکگری دادپەروەری لە چەند شارێک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد بەردەوامە.
وان
چالاکییەکەی وان بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان (توای دەر) لە بینای پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ٧٦ ڕۆژە بەردەوامە.
لە چالاکییەکەدا دایکان لەگەڵ خزمی زیندانیان دوان و پشتگیری بەرخۆدانیان کرد و درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.
ئامەد
چالاکییەکەی ئامەد بە پێشەنگایەتی (توای دەر) لە بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ڕێزان ٧٦ ڕۆژە بەردەوامە.
ئەو کەسانەی سەردانی چالاکییەکەیان کرد، تیشکیان خستەسەر واتای ڕێپێوانی ئازاد و تێکۆشانی دایکان و خزمی زیندانیان و داوایان لە خەڵکی ئامەد کرد پشتگیری بدەنە چالاکییەکە.
درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.
ئێلح
چالاکییەکەی ئێلح بە پێشەنگایەتی (توای دەر) لە بینای دەبەپە ١٨ ڕۆژە بەردەوامە.
لە چالاکییەکەدا بەشداربووان تیشکیان خستەسەر مانگرتن لە خواردن و بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.
مێردین
چالاکییەکە لە بینای ڕێکخستنی دەبەپەی مێردین بەردەوامە.
دایکی ئاشتی سایمە ئۆندەر لە چالاکییەکەدا گوتی: "ڕۆڵەکانمان لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە. ئێمە داوای ئازادی ڕێبەرێتی و ڕۆڵەکانمان و گەلەکەمان دەکەین. تا بەدیهاتنی ئازادی، تێکۆشان بەردەوامە. بژی بەرخۆدانی زیندان".
ئەدەنە
چالاکییەکەی ئەدەنە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئەدەنە ٧٧ ڕۆژە بەردەوامە.
چالاکوانان داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرزکرایەوە.
ئیستەنبوڵ
چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیانی مەڕمەڕە (مە توای دەر) لە بینای دەم پارتی لە کوچوکچەکمەجە ٦٩ ڕۆژە بەردەوامە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە، ئەیوب نەدیم لە چالاکییەکەدا ڕایگەیاند ئەم چالاکییە لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و گوتی: "هەموو گەلانی بندەست تێکۆشانی گەلی کورد وەک نموونە وەردەگرن. خەباتی تەڤگەرەکەمان بۆتە نموونە بۆ جیهان. ئیتر لە سەرانسەری جیهان باسی کوردان دەکرێت".
هاوسەرۆکی (مە توای دەر) گوتی: "ئێمەی کورد نەتەوەین و خاوەنی زمان و چاند و جوگرافیای خۆمانین. دەمانەوێت بە ناسنامەی خۆمان بژین. بۆیە بە هیچ شێوەیەک گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قبووڵ ناکەین. ئەگەر چارەسەرێک هەبێت، پێویستە لەڕێگەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە بێت".