"ئێشکگریی ئازادی" لە دژی گۆشەگیریی قورس و بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکە لە ٤٥٨هەمین هەفتەدایە. ئێشکگرییەکە هەر هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە کوردانی ئەوروپا و دۆستانیانەوە بەڕێوەدەچێت. ئێشکگرەکانی ئەم هەفتەیە بۆ چالاکییەکە لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیاوە هاتوون.
لە دەستەى ئێشکگریی ئەم هەفتەیەدا هەر یەک لە سەڤاڵ گیوموش، سەباحەت کۆچ، دەنیس ستۆرز و هونەرمەند غەریب نورهەق هەیە.
چالاکییەکە لە بەردەم بارەگاکانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا، سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە پێداگرییەوە بەردەوامیی هەیە. سەڤاڵ گیوموش بەناوی ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، سێهەمین جارە لە شتوتگارتەوە بەشداری چالاکییەکە دەبن و بەوە سەربڵند و شانازن.
سەڤاڵ گیوموش وتی، "هەر کاتێک دێم بۆ چالاکییەکە ئومێدم زۆرتر دەبێت، کە رۆژێک رێبەرایەتی لە ناو خۆماندا ببینم. ئەو هەستە و حەماسەتەمان تیادایە. ئەمە چالاکییەکی مێژووییە و بە دڵنیاییەوە رۆژێک خەون و تامەزرۆیی گەلی کورد بەدی دێت".
سەڤاڵ گیوموش ئەوەشی وت، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە رێنوێنییەکانی داهاتووی ژیانی کوردانی دەستنیشانکردووە.
وتیشی، لە مانگی ئاداردا یادی هەفتەى قارەمانی و شەهیدانی کوردستان بە رێزەوە دەکەمەوە.
سەڤاڵ گوموش سەرنجی خستەسەر چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە دژی گۆشەگیری و رایگەیاند، داوای چالاکییەکە و مانگرتووەکان داوای گەلی کوردە. راشیگەیاند، بێدەنگیی رێکخراو و دامەزراوە ئەوروپییەکان بەرامبەر بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی مرۆڤایەتی، قبوڵ ناکرێت.
سەڤاڵ گیوموش لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی، لە رێگەى چالاکیی ئێشکگریی مێژووییەوە ئەو تاوانە هاوبەشانە ریسوا و ئیدانە دەکەن و وتیشی، بەها دیموکراتیک و مافەکانی مرۆڤ بەهای هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە.
سەڤاڵ گیومەش باسی ئەوەیکرد، وڵاتان و رێکخراوە ئەوروپییەکان ئەو بەهایانەیان کردووەتە بابەتی بازرگانی و بەرژەوەندیی ئابووری، بەڵام گەلی کورد لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ نابێت.
راشیگەیاند، دەبێت گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنرێت و بۆ ئەوەش داوایکرد، هەموان بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن و چالاکییەکان گەورەتر بکەن.
سەڤاڵ گوموش ئاماژەی بە نزیکبوونەوە لە رۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتی، دەبێت گەلی کورد ئەم هەفتەیە بکەن بە هەفتەى تێکشکاندنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد.
"ئێشکگریی ئازادی" ماوەی ٩ ساڵە لە شاری ستراسبورگ بەردەوامە و درێژ ماوەترین چالاکیی کوردانە لە ئەوروپا.
ژ.ت