ئەو دەرمانخانە مەیدانیانەی دوای بوومەلەرزە کرانەوە، دادەخرێن

لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا ٤٤ کارمەندی دەرمانخانە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ دەرمانخانەش رووخان، هەربۆیە دەرمانخانەی کاتی یان مەیدانی کرانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی ناکرێن ئەوانیش رووبەڕووی داخستنن.

دەرمانخانە مەیدانیەکان کە لە دوای بوومەلەرزەکەوە ٤ هەزار و ٥٠٠ کارمەند کاریان تێدا دەکردن، بەهۆی ئەوەی وەڵام داواکارییە داراییەکانیان نەدرایەوە دادەخرێن.

دەرمانخانە مەیدانییەکان لە رێگەی ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکانی دیکە، یخود دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت و کەسیەتیەکان بۆیان دەناردن دەیانتوانی درێژە بە کارەکانیان بدەن.

وەزیری تەندروستی فەخرەدین کۆجا کارەکانی کارمەندانی تەندروستی مەیدانی و خۆبەخشی وەک خزمەتێکی وەزارەتەکەی ناوبردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی کارمەندانی دەرمانخانەکانی لێکەوتبووەوە. ئەو کارمەندانە باسیان لەوەکردبوو کە ئەو خێمانەی بۆ دەرمانخانە بەکاریان هێناوە بە پارە لە مانگی سوری تورکیان کڕیوە و وەزارەتی تەندروستیش پاڵپشتییان ناکات.

بەشێک لە کارمەندانی دەرمانخانە مەیدانییەکان لەبەر ئەوەی دەرمانخانەکان لە ناوچەکانی بومەلەرزە سەر لەنوێ دروستکرانەوە بڕیاریان دا دەرمانخانە مەیدانیەکانیان دابخەن، بەشێکیشیان بەهۆی ئەوەی وەزارەت پاڵپشتی لێنەدەکردن و نەیاندەتوانی تێچووەکانیان دابین بکەن، هەربۆیە بڕیاریان دا بە داخستنی دەرمانخانەکان.

لە دوو بومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شوباتدا ٤٤ کارمەندی دەرمانخانە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ دەرمانخانەش رووخان.

هـ. ب