ئەو کەسانەى داوای روونبوونەوەى چارەنووسی گۆکهان گونەشیان دەکرد دەستگیرکران

بنەماڵە و هەڤاڵەکانی گۆکهان گونەش لە ئیستەنبول کۆبوونەوە و داوای روونکردنەوەى چارەنووسی گۆکهانیان کرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکران.

بەپێی زانیارییەکان، گۆکهان گونەش لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە رفێنراوە و بێسەروشوێنە و بنەماڵەکەى و هاوڕێکانی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤیش لە بەردەم ئەرین پارک لە ناوچەى ئیکتیلەى ئیستەنبول کۆبوونەوە و چالاکییان بۆ روونبوونەوەى گۆکهان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا نورحەیات گونەش و گوڵ حەیات گونش تۆرامان خوشکەکانی گۆکهان بەسەرهاتی براکەیان و زانیارییەکان لەبارەی چۆنەیتیی هەوڵەکان بۆ رفاندنی براکەیان شیکردەوە.

نورحەیات گونەش رایگەیاند، "لەم گۆڕەپانەدا پێشتر داواکرابوو براکەم بفڕێنن، بۆیە من داوا لە رفێنەرانی براکەم دەکەم، یان ئەوەتا ئێوە براکەمان پێدەدەنەوە، یان ئەوەتا ئێمە هەموو رۆژێک لەم گۆڕەپانەدا چالاکی ئەنجام دەدەین".

 دوای پێشکەشکردنی وتەى بنەماڵەی گۆکهان و هەڤاڵانی گۆکهان گونەش، پۆلیسی دەوڵەتی تورک گوڵ حەیات گونەش تۆرامان، نورحەیات گونەش، فەرهاد هارون پەهلەوان، ئۆزدە دۆغان و حاجی تۆرامان-یان دەستگیرکرد.

ژ.ت