ژمارەیەک چەتەی داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

ئاژانسی هەواڵگریی عێراق هەشت چەتەی داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکەن.

لە ڕاگەیاندراوی ئاژانسی هەواڵگریی عێراق هاتووە: «لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاواز و ورد، بەگوێرەی زانیاریی ورد، ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە وەزارەتی ناوخۆ، توانی ٨ تیرۆریست لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکات، تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی (٤/تیرۆر) داواکراون بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە». ئەوەش بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع).

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «تیرۆریستەکان لە لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانیان ناوە بە کارەکانیان بە ناوی دیوانی جوند و مەفرەزی ئەمنی، پاش بەشداریکردنیان لە خولی تایبەت لە ڕیزەکانی داعش، هەروەها یەکێکیان خۆراک و پاڵپشتی گەیاندۆتە چەتەکانی داعش».

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە: «قسەکانیان لەڕووی بەرایی و دادوەرییەوە وەک دانپیانان وەرگیراوە و ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان گیراوەتە بەر».

ف.ق