ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەیامی پشتیوانیی بۆ کۆنفرانسی (فەیلی و ئێزدیی) دەنێرن

چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی و ماڵی ئێزدییانی ئەوروپا و پەرلەمانتاری ئەوروپا پەیامی پشتیوانییان ئاراستەی کۆنفرانسی 'بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی' کوردانی فەیلیی و ئێزدیی کرد

چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی و ماڵی ئێزدییانی ئەوروپا و پەرلەمانتاری ئەوروپا پەیامی پشتیوانییان ئاراستەی کۆنفرانسی 'بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی' کوردانی فەیلیی و ئێزدیی کرد و جەختیان کردەوە، لە گرنگیی هەماهەنگیی پێکەوەکارکردن لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیی و پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی مافەکانی پێکهاتە جیاجیاکان.

لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی 'بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی' لە شاری بەغدا، ژمارەیەک وتاری پشتیوانیی لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە ڕێکخراو و ناوەندە جیهانییەکانەوە بۆ کۆنفرانسەکە نامیشکران کە بەمشێوەیە بوون؛

ەکێتیی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی کوردی نێودەوڵەتیی لە مۆسکۆ؛

کوردستان  دەوڵەمەندە بە تەواوی پێکهاتە و جیاوازییە ئاینیی، کەلتووریی و مێژووییەکانی، بەناوی کوردان لە مۆسکۆ، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسی هاوبەشی کوردانی فەیلیی و ئێزدیی دەخوازین، دوژمنانی کورد جیاوازیی ئاینییان بۆ لێدان لە کورد قۆستووەتەوە، دوژمنایەتییان لەنێوان دروستکردووە و لەیەکیان جیاکردوونەتەوە، بۆ ئەوەی یەکنەگرن لەپێناو چارەسەرکردنی کەیسەکەیان، بۆیە بەستنی ئەم کۆنگرەیە زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانمان.

یەکێتیی ئێزدیی لە ئەوروپا؛

بەناوی کۆمەڵگەی ئێزدییەوە، پیرۆزبایی بەستنی ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەین و ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدیی لە ئەوروپا، پشتیوانیی کۆنفرانسەکەتان دەکەین و پیرۆزی دەکەین لێتان، ئێمە هێزین بۆ ئێوە لە ئەوروپا و دەمانەوێت ببینە هاوکار بۆ گەلی ئێزدییمان لە شەنگالی بریندار، بەچاوی خۆتان بینیتان گەلی ئێزدیی چی بەسەردا هاتووە و چۆن کۆمەڵکوژکراوە و تائێستاش ژنانی ئێزدیی لەدەستی داعشدا ماونەتەوە، بۆیە داواتان لێدەکەین، کە دەستی هاوکاریی بۆ گەلەکەمان لە شەنگال درێژبکەن و ئێمەش وەک کۆمەڵگەی ئێزدیی لە ئەوروپا پشتیوانییتان لێ دەکەین.

وتاری ئەندرێ وۆڵکۆ، ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە لە فراکسیۆنی چەپ، کە گرنگیی بە سیاسەتی نێودەوڵەتیی دەدات؛

ئەمەوێ سڵاوتان لێ بکەم لێرەوە لە ئەڵمانیا، بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەکەتان لە بەغدا و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان بۆ دەخوازم، دەزانین بارودۆخی کوردانی ئێزدیی و فەیلی جێگەی بایەخە لە عێراق، ئەمەش بیرۆکەیەکی باشە بۆ لەیەک نزیکبوونەوەی پێکهاتەکان و دەنگیان ببیسترێت و بگەن بە پێشنیازی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە، من لێرە لە ئەڵمانیا زۆر هاوڕێی کوردم هەیە، ئەوانیش باسی بارودۆخی ئەو وڵاتانە دەکەن، کە تێیدا دەژیێن، وە چەندێک ڕووبەڕووی جیاکاریی و ڕەگەزپەرستیی دەبنەوە.

وتاری قەشە ئارباد کۆڤاج، نوێنەری یەکێتیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە فینلەندا؛

ئێمە بەپێی بیروباوەڕی خۆمان دڵنیاین لەوەی کە دەکرێت بەدیهێنانی دادپەروەریی و یەکسانیی تەنها بە ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەبێت، سڵاوی گەرمتان پێشکەش دەکەین، نەک تەنها بەناوی خۆمانەوە، بەڵکو بەناوی چەندین ڕێکخراوی چەپی ڕادیکاڵەوە، هیوای کۆنفرانسێکی سەرکەوتووتان بۆ دەخوازین، هیوادارین بە ڕێککەوتن و پێکەوەکارکردن هەوڵبدەن، چونکە دادپەروەریی و یەکسانیی تەنها بە پشتیوانییەکی جیهانیی بەدی دێت.

هاوکات وتاری سلێمان، سەرۆکی ماڵی ئێزدیی پێشکەشکرا و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ کۆنفرانسەکە دەربڕی و جەختی لە هەموو هاوکارییەک بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە کرد، لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانی کوردانی ئێزدیی و فەیلیی.

ژ.ت