زیندانیان دژی گۆشەگیریی ئیمراڵی داوای بەرخۆدانی بەهێزتر دەکەن

زیندانیانی بلۆکی (C) لە زیندانی ئاسایشی باڵای ژمارە ٢ ی ئامەد، ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆزکرد و دژی گۆشەگیری ئیمراڵی بانگەوازی بەهێزکردنی بەرخۆدانیان کرد.

چالاکی مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی وی دەستی پێ کردووە، ئەوە ٦ ڕۆژە بەردەوامە. چالاکییەکەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ٢٧ ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێ کردووە، تا ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.

زیندانیانی بلۆکی (C) لە زیندانی ئاسایشی باڵای ژمارە ٢ ی ئامەد، لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا ئاماژە دەکەن بەو شەڕەی ئەمڕۆ لە کوردستان و فەڵەستین بەڕێوەدەچێت، دووپاتی دەکەنەوە، لە فەڵەستین و کوردستان مناڵ دەکوژرێت، ئەگەر ناوی بکوژەکانیش جیاواز بێت، بەڵام هەمان زیهنیەت کاردەکات. ڕایدەگەیەنن کۆماری تورکیا لەسەر بناغەی قڕکردنی جڤاک و نەتەوەی کورد دامەزراوە، دەڵێن: "دژی ئەم سیاسەتی قڕکردنە، ٥٠ ساڵە بەرخۆدانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە بەردەوامە، لەم بەرخۆدانە مێژووییە بێ وێنەدا، بە قوربانیدانی مەزن، داروبەردی قڕکردن هەڵوەشاوەتەوە. ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، ئەو تەڤگەرە مێژوویی و داستانییەی ڕێبەر ئاپۆ دایمەزراند، لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، لە گەلەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی پیرۆز بێت".

"ئامانج قڕکردنی کوردە"

ڕایدەگەیەنن، داستانی بەرخۆدانی پەکەکە هیوا و ڕووناکییە بۆ گەلانی بندەست، گەلانی بەرخۆدەر مێژووی خۆیان دەنوسنەوە، گەلی ئێمەش بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داستانی ژیانەوەی لە پەڕەکانی مێژوودا نوسیوەتەوە، ئێستەش بەرەو سەرکەوتن دەچێت. پاشان تیشک دەخەنە سەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئامانجی هێزە پیلانگێڕەکان لە گۆشەگیری و دەڵێن: " ئامانج لەم پیلانگێڕییە دابڕانی ستراتیژی نێوان گەلی تورک و گەلی کورد بوو. بەڵام بە دووربینییەکی مەزن و تێکۆشانی مەزنی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگری لەم دابڕانە ستراتیژییە کرا و هەنگاوە ستراتیژی و مێژووییەکەی خۆی، تێزی کۆماری دیموکراتیک کە قۆناغی دیموکراتیکبوونی "وڵاتی هاوبەش"ـە وەک چارەسەر دەستنیشان کرد. هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەییەکان پێداگربوون لەسەر کۆماری هیرارشی و دژی تێزی کۆماری دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ وەستانەوە، لە ئەنجامی ئەم پێداگرییە ڕژێمی هاوپەیمانیی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە پێداگری لەسەر قڕکردنی کوردان دەکات".

"ئەرکمانە دژی گۆشەگیری بوەستینەوە"

زیندانیان گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک گۆشەگیری سەر هەموو گەلانی بندەست و ئازادیخواز پێناسە دەکەن، بانگەواز لە هەموو مرۆڤایەتی و گەلانی تورکیا و کوردستان دەکەن لەدەوری درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد و تورکیای دیموکراتیک" کۆببنەوە و دژی زیهنیەتی فاشیست و شەڕی قێزەون بوەستنەوە؛ دەڵێن: "وەک زیندانیانی دۆزی پەکەکە کە بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی قوربانی مەزنمان داوە، بانگەواز لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان دەکەین، لە ئیمراڵی تەنها بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەنێو هەلومەرجی گۆشەگیری ڕەهادا نییە. بەهای ئازادی و دیموکراسی لەوێیە. ئێستە لە هەموو کات زیاتر پێویستە لایەنگرانی ئازادی و دیموکراسی دژی گۆشەگیری دەنگ هەڵبڕن".

"بەرخۆدانی ڕەوا بەرفراوانتر دەکەین"

لە کۆتاییدا دەڵێن: " وەک هاوڕێیانی مەزڵوم و کەمال و سەما، گۆشەگیری نامرۆڤانەی سەر ڕێبەر ئاپۆ  شەرمەزار دەکەین. بۆئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنرێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان، بەتایبەتی پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک و هەڵگرتنی گۆشەگیری لە زیندانەکان و بێسەروشوێنی و سزادانی دیسپلینیی میزاجی و ئازادکردنی زیندانییەکان، ڕایدەگەیەنین کە بەشداردەبین لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرس کورد" کە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە. بەم بۆنەیەوە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ـەوە دەستمان بە مانگرتن لە خواردنی بەنۆرە کردووە. بانگەواز بۆ هەموو ڕای گشتی، بەتایبەت بۆ گەلەکەمان و بنەماڵەکانمان ئەوەیە: با بەرخۆدانی گەلی دیموکراتیک و ڕەوای خۆمان مەزن بکەین و کۆتایی بە سیستەمی قڕکردنی فاشیستی بهێنین".