زیندانییەکی دیکە لە ورمێ لەسێدارەدرا

ئاشکرابوو کە هەفتەی رابردوو لە زیندانی ورمێ زیندانییەکی دیکە لەسێدارەدراوە، هاوکات ئەوەشخرایەڕوو، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٥٨٠ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.

تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی سێ شەممەی رابردوو ١٥ی تشرینی یەکەم هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ناسر محەمەدی لە زیندانی ورمێ، ئەمیر سلێمانیش لە هەمان زیندان لە سێدارەدراوە.

ئەمیر سلێمانی تەمەن ٣٠ ساڵ، ماوەی دوو ساڵبوو بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەزیندانبوو.

ئەو دوو بەندکراوە، رۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم گواسترابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئەمرۆ لانیکەم دوو بەندکراو لە زیندانەکانی کەهنوج و تەورێز لەسێدارەدراون.

وەک ئەو ناوەندە بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٥٨٠ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ٢٠ ژن و مێرمنداڵێکی خوار ١٨ ساڵ لەناو لەسێدارەدراواندان.

لەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی رێژەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەی بەرچاو هەڵکشاوە و چالاکوانان و بەرهەڵستکاران پێیان وایە، لەم رێگەوە دەسەڵات هەوڵ دەدات گەلی راپەڕیو چاوترسێن بکات.