زیندانییەکی دیکەی کورد بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی دەوڵەتی تورک دا گیانی لەدەستدا

وەدات ئەرکمەن زیندانیی سیاسیی کورد بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ گیانی لەدەستدا.

وەدات ئەرکمەن زیندانیی سیاسیی کورد، کە سزای زیندانیی هەتاهەتای و ٣٧٤ ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا.

لە دەوروبەری کاتژمێر ٢١:٠٠ بەڕێوبەرایەتیی زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ تەلەفونیان بۆ بنەماڵەى ئەرکمەن کردووە و پێیان راگەیاندوون، "وەدات ئەرکمەن لە ژووری تاکە کەسیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکە بانگەشەی ئەوەی بۆ بنەماڵەى ئەرکمەن کردووە، "هەوڵیان داوە ئەرکمەن بگەیەننە نەخۆشخانە، بەڵام لە ڕێگادا گیانی لەدەستداوە".

خزمەکانی ئەرکمەن لەگەڵ پارێزەرەکانیان لە ئەستەنبولەوە بەرەو تەکیرداغ کەوتونەتەڕێ.

'ئێمە قبوڵ ناکەین'

فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مەد بۆ پشتگیریی یاسایی لە بنەماڵەی دەستگیرکراوان و سزادراوان (مەد توهاد فەد - MED TUHAD-FED) لە ئەژماری میدیای دیجیتاڵی خۆیدا راگەیاندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە زانیارییەکی تری قورسمان بەدەست گەیشت. وەدات ئەرکمەن لە زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ لە زینداندا کۆچی دوایی کرد. ئێمە ئەو ئازارە یەک لە دوای یەکانە بە شێوەیەکی ئاسایی قبوڵ ناکەین. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە. ئێمە بە دوای پرۆسەکەدا دەڕۆین و چاودێریی دەکەین. سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی وەدات ئەرکمەن دەکەین".

گیان لەدەستدانە گوماناوییەکانی تری زیندانیانی سیاسیی کورد

تەنها لەم مانگەدا ئەمە ٥هەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانی گوماناویی زیندانیانی سیاسیی کوردە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دا. غەریبە گەزەر، خەلیل گونەش، عەبدولڕەزاق شویور، ئەلیاس دەمیر و ئێستاش وەدات ئەکمەن ئەو زیندانییە کوردە سیاسییانەن، کە تەنها لەم مانگەدا بە شێوەی گوماناوی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دا گیانیان لە دەستداوە.

ژ.ت