«له‌ هه‌ڵبژاردندا وه‌ڵامی قه‌یوومه‌كان ده‌درێته‌وه‌»

هاوشاره‌داری وێرانشار ئه‌مروڵا جین ڕایگه‌یاند، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یرانی توركیا، وه‌ڵامی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌وانییه‌كان ده‌درێته‌وه‌ و گه‌لی كورد خاوه‌نداره‌تی له‌ ئیراده‌ی خۆی ده‌كات.

ئه‌مروڵا جین هاوشاره‌داری ناوچه‌ی وێرانشاری سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی ڕوحا له‌ باكووری كوردستان كه‌ حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ قه‌یوومێكی له‌ شوێنی ئه‌و داناوه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر شاره‌وانییه‌كه‌دا گرتووه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات ANF باسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یران و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌وانییه‌كان له‌ لایه‌ن ئاكه‌په‌وه‌ كرد.

ئه‌مروڵا جین ده‌رباره‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌وانییه‌كان ڕایگه‌یاند، له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ی جیهان ڕووداوی هاوشێوه‌ نییه‌. گوتیشی: چه‌ندین ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن و خه‌باتكاری شاره‌وانییه‌كه‌یان زیندانیكراون و پێویسته‌ به‌زووترین كات ئازاد بكرێن. ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێ شاره‌وانی ڕاده‌ستی نوێنه‌رانی گه‌ل بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون.

هاوشاره‌داری وێرانشار ده‌ستنیشانی ده‌كات, دانانی قه‌یوومه‌كان له‌ شاره‌وانییه‌كانی باكووری كوردستان، كاریگه‌ری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یران ده‌كات و گه‌ل له‌ دژی قه‌یوومه‌كان و هه‌موو ڕووداوه‌ نادیموكراتییه‌كان له‌ كاتی ده‌نگداندا هه‌ڵوێست پیشان ده‌دات.

ئه‌مروڵا جین گوتیشی: ئێواره‌ی ٢٤ی حوزه‌یران پڕۆسه‌یه‌كی نوێ ده‌ستپێده‌كات و هیوادارم‌ ببێته‌ هیوای دیموكراتی بۆ توركیا. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن خزمه‌تی ئاشتی و سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات.

s.m