ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

ڕاپۆرتدەری تایبەت بە ئێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان مای ساتۆ ڕایگەیاند بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پێشێلکردنی یاسای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بانگەوازی لە بەرپرسانی ئێران کرد بڕیارەکە هەڵبوەشێننەوە.

ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران مای ساتۆ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دژی ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مای ساتۆ گوتی: "لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پێشێلکردنی یاسای مافەکانی مرۆڤە و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەم دەستبەجێ لەسێدارەدانی ڕابگرن".

پەخشان عەزیزی لە ئابی ٢٠٢٣ زیندانی کرا و مانگی تەمموزی ڕابردوو لە دادگای تاران بە تاوانی "وەستانەوە دژی دەوڵەت" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن کە تاوانبارکردنی بە ئامانجی سیاسییە و گرێدراوە بە هاوکارییەکانیەوە بۆ ئاوارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پاش هێرشی داعش.

پارێزەری پەخشان عەزیزی ئەمیر ڕەئیسیان لەسەر تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی داوای دادگایی کردنەوە دەکەن و داوایان پێشکەش بە سەرۆکی دەزگای دادوەری دەکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و ڕایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێننەوە کە لە ئەنجامی دادگایکردنێکی ناعادیلانەدا بەسەریدا سەپێنراوە.

جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باشوور، دیانا ئەلتەحاوی ڕایگەیاند پەخشان عەزیزی لەلایەن بەرپرسانەوە ئەشکەنجەدراوە و لە دەستبەسەریدا ڕووبەڕووی توندوتیژی ڕەگەزی بووەتەوە.