ژنان بۆ خۆئامادەکردن بۆ ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان، لە چەند شارێک چالاکییان ئەنجامدا و بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.
ئەزمیر
پێکهاتەکانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ئەزمیر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ ی ئادار بە جلوبەرگی هەرێمییەوە کە لەلایەن سەندیکای ژنانی تۆهومەوە ئامادەکرا، لە گۆڕەپانی گەشتی سارینچ چالاکییان ئەنجامدا، پێش نمایشەکە ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، دژی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی، ئەڵتەرناتیڤی ژنان ئەو ژیانە نوێیەیە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بنیاتنراوە. جەختکرایەوە لە کەستێکی جیهان بیلگیندا وزەی خۆیان لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا وەردەگرن. دووپاتکرایەوە، تێکۆشانی خۆیان مەزن دەکەن و بە هاوپەیمانی ژنان ژیان ڕووناک دەکەنەوە.
پاشان نمایشێک ئەنجامدرا و هەڵپەڕکێ کرا.
ئیستەنبوڵ
تەژەئا بۆ ڕاگەیاندنی دەسپێکی ٨ ی ئادار لە تونێلی تەقسیم لە ناوچەی بیۆغلوی ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە. ژنان ویستیان بەرەو تەقسیم ڕێپێوان بکەن، لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران، بەڵام بە پێداگری خۆیان گەمارۆیان شکاند. لە چالاکییەکەدا پانکارت و درووشمی تایبەت بە ٨ ی ئادار بەرزکرایەوە. ژنان بە جلوبەرفی کوردییەوە بەشداربوون و گۆرانیان چڕی و هەلهەلەیان لێدا و هەڵپەڕکێیان کرد. بانگەوازکرا بۆ کۆبوونەوەی ژنان و ڕێپێوانی فێمێنیستەکانی شەڤێ کە ٨ ی ئادار لە تەقسیم ئەنجام دەدرێت.
"ئێستە نۆرەی دەوڵەتە"
چالاکوانی تەژەئا سەباحەت تونجەل تیشکی خستەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "بڕێز ئۆجالان بانگەوازی لە دەوڵەت و گەلانی جیهان و گەلی کوردستان کرد. ئێستەش نۆرەی دەوڵەتە. بەڵام دەوڵەت بەربەست دەخاتە پێش ئێمە و ناهێڵێت ژنان کۆببنەوە. تاوەکو ئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە نەبێت، تورکیا چۆن دیموکراتیک دەبێت؟".
چیدەم کلیچگون ئوچار ڕایگەیاند سیستەمی نوێ بەبێ ژنان بنیات نانرێت، گوتی: "ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٦ ساڵە لەژێر گۆشەگیری و ئەشکەنجەدایە، لە ٢٧ ی شوبات بانگەوازی کرد. ئێمە دەزانین بەرپرسیارێتی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەی ژنان. ئێمەی ژنان لە سەردەمی نوێدا تێکۆشانمان مەزن دەکەین".
چالاکییەکە بە درووشم و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
دیلۆک
ئەنجوومەنی ژنانی لقی (Egîtîm Sen)ـی دیلۆک، بۆ دووەم ڕۆژی وۆرک شۆپی "خێزان، سیاسەتی جەستە و نایەکسانی جێندەری" ئەنجامدا و ئەمڕۆ کۆتایی هات. چەندین ژن بەشداربوون. لە وۆرک شۆپەکەدا جاندان دومورال بابەتێکی بە ناونیشانی "توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان و تێکۆشانی یاسایی" پێشکەش کرد. تیشکی خستەسەر کێشەکانی ژنان لە گۆڕەپانی جەماوەری.
ئامەد
چالاکییەکانی ٨ ی ئادار لە ئامەد بەردەوامە، ژنان بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەی ئامەد و گرووپی پاسکیلسواری ژنانی ئامەد لەبەردەم لقی دووەمی (Egîtîm Sen)ـی ئامەد کۆبوونەوە و درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ژنان"یان بەرزکردنەوە. پێش چالاکییەکە ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. هاوسەرۆکی (Egîtîm Sen)ـی ئامەد دویگو ئۆزبەی ڕایگەیاند ئێمەی ژنان پشتگیری داخوازی ئاشتی دەکەین و بۆ ئاشتی تێدەکۆشین و بەرخۆدان لەم پێناوەدا مەزن دەکەین، لە ٨ ی ئادار بانگەوازی ژنان بڵندتر دەکەین.
پاشان ژنان تا گۆڕەپانی شێخ سەعید پاسکیلیان لێخووڕی، چالاکییەکە لە گۆڕەپانی شێخ سەعید بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.