هێرشکردنە سەر ئەو بنەماڵە کوردەی کە ئاوازی کوردییان گوێ لێگرتبوو، ئیدانە کرا

ژنانی عەنتاب بە ڕاگەیەندراوێک هێرشکردنە سەر بنەماڵەیەکی کورد کە ئاوازی کوردییان گوێ لێگرتبوو، ئیدانە کرد.

پلاتفۆرمی ژنان پێکەوە بەهێزن لە شاری عەنتاب سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنەماڵەیەکی کورد کە لە ١٣ی تەمموز لە کاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێکی کەنار دەریا لە ناوچەی بایرام پاشای ئەستەنبوڵ، بە بیانووی ئەوەی گوێیان لە ئاوازی کوردی گرتووە، هێرش دەکرێتە سەریان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و هێرشەکەیان ئیدانەکرد. ژنان لەبەردەم قوتابخانەی ئامادەیی نەجمێ ئاسفورئۆغڵوی ئەنادۆڵیو گردبوونەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن نیلگون ئاشکارەوە خوێندرایەوە. و هێرش کردنەسەر بنەماڵە کوردەکە ئیدانە کرا و ڕاگەیەندرا: "ئێمەی ژنان بەرامبەر بەو هێرش و ئەشکەنجە ڕەگەزپەرستانەیەی کە پۆلیس دژ بە بنەماڵەیەکی کورد لە ئەستەنبوڵ ئەنجامیدا، بێدەنگ نابین. ئەوانەی ژنێکی دووگیانیان ئەشکەنجە دا و مافی ژیانی کۆرپەکەیان لێ سەندەوە، دەبێت دادگایی بکرێن. ئێمە ژیانێکی ئارام، یەکسان و ئازادمان بۆ ژنان و هەموو گەلان دەوێت. گوێگرتن لە ئاوازی کوردی تاوان نییە، بەڵام ئەشکەنجەدان تاوانە، هەر هێرشێک بۆ سەر ژنان تەنها هێرشێک بۆسەر کەسێک نییە، بەڵکو هێرشێکی سیستماتیک و سیاسییە."