کەبەدەهە: پاش ٢٥ ی تشرینی دووەم پێویستە تێکۆشان مەزن بکرێت

کۆنسەی گشتی کەبەدەهە بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دووپاتی کردەوە، دژی سیستەمی پیاوسالاری تێکۆشان مەزن دەکرێت و بەردەوام دەبێت.

کۆنسەی گشتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی یەکگرتوویی ژنان (کەبەدەهە) بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بە ناونیشانی "دژی داگیرکاری و شەڕ و توندوتیژی، با بەرخۆدانی یەکگرتووی ژنان مەزن بکەین" بڵاوکردەوە.

"سڵاو لە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکەین"

کەبەدەهە ڕایدەگەیەنێت درەنگ یا زوو تێکۆشانی یەکگرتووی ژنان سیستەمی پیاوسالاری هەڵدەوەشێنیتەوە، دەڵێت: "لە کەسێتی خوشکانی میرابەل کە پایەیەکی سەرەکی ئەم تێکۆشانە مێژووییەن و ئافرێنەری ٢٥ ی تشرینی دووەمن، بەڕێزەوە شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان بیردەهێنینەوە".

"هێرش دژی ژن و منداڵان زیاتر دەبن"

کەبەدەهە ئاماژە بەوە دەکات لەکاتێکدا پێشوازی لە ٢٥ ی تشرینی دووەم دەکەن، لەسایەی شەڕ و داگیرکارییدا توندوتیژی و کۆمەڵکوژی لەسەر ژنان و منداڵان زیاتر بووە، هێرشی ئیمپریالیستی زیاتر دەبێت، ڕەنجخۆریی و چەوساندنەوەی جەستەیی زیاتر دەبێت، هەژاریی تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، لە هەموو جێیەک شەڕ و داگیرکاری و لکاندن هەیە و شارەکان وێران دەکرێن و کۆمەڵکوژی پێکدێت.

"دەسەڵاتداریی فاشیست هەوڵی مانەوە دەدات"

کەبەدەهە جەخت دەکاتەوە، لەسایەی شەڕی ئیمپریالیستی و داگیرکاری و فاشیزمەوە، توندوتیژی دژی ژنان تادێت زیاتر دەبێت، بەمەش هەوڵدەدرێت توندوتیژی پیاو/دەوڵەت لە تەواوی کۆمەڵگە بڵاوبکرێتەوە، دەڵێت: "قێزەونی سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالار گەیشتووەتە ئاستێک چیتر توانای خۆحەشاردانی نییە. ئێمە ڕووبەڕووین لەگەڵ دەسەڵاتدارییەکی فاشیست کە دەیەوێت لەڕێگەی فشار و زۆردارییەوە بمێنێتەوە".

"زیادبوونی کوشتن، سیاسەتی دەسەڵاتی فاشیستە"

هەروەها جەخت دەکاتەوە دەوڵەت و سیستەمی دادوەری دەسەڵاتی فاشیست، سزای ئەو ژنانە دەدات کە خۆیان دەپارێزن، لە بەرامبەردا ئەو تاوانبارانەی ستەمیان لە ژنان کردووە بێ سزا دەرباز دەکات، بەمەش ڕەوایەتی دەداتە کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان، زیادبوونی کوشتنی ژنان درێژکراوەی سیاسەتی دەسەڵاتداریی فاشیستە کە خێزان بە چەق وەردەگرێت.

"ژنان لەلایەن کەسوکاریانەوە دەکوژرێن"

کەبەدەهە ڕایدەگەیەنێت ژنان بە زۆریی لەلایەن بنەماڵە و خێزان و کەسوکاریی نزیکی خۆیانەوە دەکوژرێن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خواستی سنووردارکردنی ژیانی ژنان لە ماڵەوە، دەوڵەتی پیاو، هانی توندوتیژی پیاو دەدات و خاوەنداری لێ دەکات.

"تا دێت گەل هەژارتر دەبێت"

هەروەها جەخت دەکاتەوە قەیرانی ئابووری سەردەکێشێت بۆ هەژاربوونی زیاتری زەحمەتکێشان، بەتایبەت ژنان، هەژاریی ژنانیش توندوتیژیی زیاتر دەکات، سەرمایە و دەوڵەتی سەرمایەداریی پیاوسالار باری گرانی ئەم قەیرانە بەزۆریی دەخەنە سەر شانی کرێکار و ژنان. ئەو ژنانەشی بۆ مافی خۆیان بەرخۆدان دەکەن، دەبنە ئامانجی توندوتیژی دەوڵەتی فاشیست.

"ژنان زنجیرەکانی وابەستەیی دەشکێنن"

کەبەدەهە ڕایدەگەیەنێت زیادبوونی ناکۆکییە ڕەگەزییەکان و گەڕانی ژنان بۆ ئازادی، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالار، دەڵێت: "ژنان بە هێزی خۆیان و پشتیوانی ژنان، زنجیرەکانی وابەستەبوون دەشکێنن کە پیاوان دەیسەپێنن. بەرامبەر سیاسەتی دوژمنایەتی ژن پاشەکشە ناکەن،بەپێچەوانەوە، دژی دەوڵەتی فاشیستی پیاوسالار، ئاڵای سەرهەڵدان بەرزدەکەنەوە. دژی کۆمەڵکوژی و توندوتیژی و شەڕ و هەژاری بیدەنگ نابن و یەکدەگرن، لە سەرانسەری جیهان بە ژن ژیان ئازادی دەبنە یەک دەنگ".

"پێویستە پاش ٢٥ ی تشرینی دووەمیش تێکۆشان مەزن بکرێت"

کەبەدەهە ڕایدەگەیەنێت دەبێت ٢٥ ی تشرینی دووەم بکرێت بە پاساوی تێکۆشان دژی شەڕ و داگیرکاری و هەژاری و توندوتیژی، دژایەتی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و فاشیزم و هاوکارەکانیان و تێکۆشانی هاوبەشمان گەشتر بکەین. نابێت تەنها لە ٢٥ ی تشرینی دووەم سنووردار بمێنین و پاس ٢٥ ی تشرینی دووەمیش تێکۆشان مەزن بکەین و شەقامەکان تەرک نەکەین.

"بێگومان لێپرسینەوە لەم سیستەمە دەکرێت"

کەبەدەهە جەخت لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان دەکاتەوە و دەڵێت: "بە ڕێکخستن و مەزنکردنی تێکۆشانی جەنگاوەری و یەکێتی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین. ئەوانەی بە سیستەمە ڕزیوەکەی خۆیان مەحکومن بە هەڵوەشانەوە، لە ئامانجی چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانمان دەرباز نابن، بێگومان لێپرسینەوە لەم سیستەمە بکوژەی ژن و منداڵان دەکرێت!".