لە ئێران سزای زیندان بە سەر دوو ژنە رۆژنامەنووسدا سەپێنرا
لە ئێران سزای سێ ساڵ زیندان بە سەر رۆژنامەوانان ئێلناز محەمەدی و نگین باقریدا سەپێنرا. جیالەوەش پێنج ساڵ سزای قەدەغەی کار و گەشتکردن بۆ دەرەوەیان بۆ بڕاوەتەوە.
لە ئێران سزای سێ ساڵ زیندان بە سەر رۆژنامەوانان ئێلناز محەمەدی و نگین باقریدا سەپێنرا. جیالەوەش پێنج ساڵ سزای قەدەغەی کار و گەشتکردن بۆ دەرەوەیان بۆ بڕاوەتەوە.
پاڕێزەر ئەمیر رەئیسیان باسی لەوەکرد کە موەکیلەکەی ئیلناز محەمەدی لە دادگا لە تۆمەتی 'هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بیانی' بێبەری کراوە و ئەو تۆمەتەی بە سەردا ساغ نەبووەتەوە.
رەئیسیان ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی تۆمەتەکانی دیکەوە، لەوانە پیلانگێڕی و کۆبوونەوەی نایاسایی سزای سێ مانگ زیندان بە سەر ئێلناز محەمەدی و نگین باقریدا سەپێنراوە، بەڵام ماوەی یەک لەسەر ٤٠ی ئەو سزایە لە زیندان بەسەردەبەن و سزاکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەپەسردرێت و ئەگەر لەو پێنج ساڵەدا تۆمەتی هاوشێوەیان بەسەر ساغبکرێتەوە دەبێت ئەو ماوەی لە سزاکەیان دەمێنێتەوە بچنە زیندانەوە.
ئەو دوو رۆژنامەنووسە ناچارن بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەموو وەرزێک بەشداری لە خولی ئاکاری کاری پیشەیی رۆژنامەوانیدا بکەن و لەو ماوەیەدا گەشت بۆ دەرەوەی وڵات و کارکردن لە بواری رۆژنامەوانیان لێ قەدەغە دەکرێت و بە هیچ جۆرێک نابێت پەیوەندیان بەو کەسانەوە هەبێت کە لە دەزگاکانی راگەیاندنی بیانی کاردەکەن.
لەدوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بە دەیان رۆژنامەنووس و میدیاکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران، کە تائێستاش بەشێکیان لە زینداندان و رووبەڕووی سزای قورس بوونەوە.
هـ . ب