له‌ په‌یه‌ده‌وه‌ كه‌مپینێك دژی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان

ئه‌نجومه‌نی ژنانی په‌یه‌ده‌ له‌ دروشمی "یه‌كگرتوویی تێكۆشانی ژنان كۆتایی به‌ توندوتیژی ده‌هێنێت" كه‌مپینێكیان ده‌ستپێكرد.

ئه‌نجومه‌نی ژنانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك (په‌یه‌ده‌) له‌ پێناو كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی دژ به‌ ژنان كه‌مپینێكی ده‌ستیپێكرد.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رایگه‌یاند، كه‌ به‌ دروشمی "یه‌كگرتوویی تێكۆشانی ژنان كۆتایی به‌ توندوتیژی ده‌هێنێت" كه‌مپینی سێهه‌مینی ده‌ستپێكردووه‌.

'ئێمه‌ كۆتایی به‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ده‌هێنین'

ئه‌نجومه‌نی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك (په‌یه‌ده‌) به‌ مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان، دوو هه‌ڵمه‌تی ده‌ستپێكردبوو. ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌نراوێك باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ به‌ دروشمی "به‌ تێكۆشانی یه‌كگرتووی ژنان كۆتایی به‌ توندوتیژی ده‌هێنرێت" ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی سێهه‌م كردووه‌.

راگه‌یه‌نراوی ئه‌نجومه‌نی ژنانی په‌یه‌ده‌ به‌م جۆره‌یه‌:

"مێژووی ژنان پڕه‌ له‌ قاره‌مانێتی و تێكۆشان له‌ هه‌مان كاتدا پڕه‌ له‌ گیانبازی كه‌ له‌ سایه‌ی تێكۆشانی ئه‌وان شۆڕشی ئێمه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌. هه‌روه‌ها ژنان له‌ شۆڕشی رۆژئاوادا گه‌یشتنه‌ ته‌واوی گۆڕه‌پانه‌كانی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌ربازی و دیپلۆماتیك، بڵێسه‌ی ئازادی و هیوایان به‌خشی به‌ هه‌موو ژنانی جیهان.

سه‌رباری هه‌مو ئه‌وانه‌ش دیارده‌ی توندوتیژی دژی ژنان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ باڵاده‌سته‌كانی و بیركردنه‌وه‌ی باوكسالاری به‌رده‌وامه‌ كه‌ هه‌موو كات شكاندنی ئیراده‌ی ژنی ئازادی كردووه‌ته‌ ئامانج. به‌ڵام له‌ ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌موو رۆژێك ده‌بینین كه‌ ژن رووبه‌ڕووی دژوارترین جۆره‌كانی سته‌م، توندوتیژی و كوشتن ده‌بێته‌وه‌.

ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی ژنانی پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك (په‌یه‌ده‌) له‌سه‌ر بنه‌مای پارت و ئه‌نجومه‌ن له‌ تێكۆشاندا چالاكین، ئێمه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ڵمه‌ت و چالاكی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان له‌ كۆمه‌ڵگادا له‌ناو ببه‌ین.

هه‌ڵمه‌تی یه‌كه‌ممان له‌ مانگی ئه‌یلول به‌ دروشمی ‘ده‌ست له‌ كوشتنی ژنان هه‌ڵبگرن‘ و هه‌ڵمه‌تی دووه‌م له‌ مانگی شوبات به‌ دروشمی "نا بۆ پیلانگێڕی، نا بۆ داگیركه‌ری، نا بۆ توندوتیژی" و ئه‌مڕۆش له‌ رێگه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ درێژه‌دا هه‌ڵمه‌تی سێهه‌می خۆمان به‌ دروشمی "به‌ تێكۆشانی یه‌كگرتووی ژنان توندوتیژی كۆتایی پێدێت" راده‌گه‌یه‌نین.

ئێمه‌ تاوانه‌كانی كوشتنی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگادا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و داوا له‌ هه‌موو رێكخراوه‌كانی ژنان و هه‌موو به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌و دیارده‌یه‌ بگرن و كۆیلایه‌تی و سته‌م له‌ناو ببرێت، یه‌كبگرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئیراده‌ی ژنی ئازاد و هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئازادی و سه‌ركه‌وتن".

به‌رنامه‌ی چالاكیه‌كه‌

په‌یه‌ده‌ به‌رنامه‌ی چالاكییه‌كانی به‌م جۆره‌ ئاشكرا كردووه‌:

"له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كان و پشتگیری مافه‌كانی ژنان بۆ دامه‌زراوه‌كانی راگه‌یاندن فۆرم ساز ده‌كرێت.

-بڵاوكردنه‌وه‌ی بروشور په‌یوه‌ست به‌ مافی ژنان و سزاكانی پێشێلكردنی ئه‌و مافانه‌ به‌ پێی یاسا.

-سمینار بۆ پیاوان ساز ده‌كرێت.

- داتا و زانیاری ئاماری له‌ باره‌ی به‌ڵگه‌كانی مردنی ژنان و ئه‌و سزایانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ سه‌ر تۆمه‌تباراندا سه‌پێنراوه‌، ئاشكرا ده‌كرێن.

-دامه‌زراندنی پلاتفۆرمێك له‌ سه‌رتاسه‌ری كانتۆنه‌كانی حه‌سه‌كه‌ و قامیشلۆ و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پرسی ژنان.

-به‌ به‌شداری پارێزه‌ر و زانایانی ئایینی ناوچه‌كانی منبج، فرات و شه‌هبا كۆڕبه‌ندێكی دیالۆگ ساز ده‌كرێت.

هـ . ب